نێچیرڤان بارزانی: دەبێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت

11-09-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر لەگەڵ واشنتن، و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 11-9-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ئەلینا رۆمانۆوسکی لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر – بەغدا، بەتایبەتی پرسی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە. 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق جەختیان لە گرنگیی گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە لەنێوان حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لێکتێگەیشتنی هاوبەش و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان کردەوە، بە جۆرێک مافە دەستوورییەکانی هەمووان دەستەبەربکات و ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی وڵات بپارێزێت. 
 
نێچیرڤان بارزانی داکۆکی لە گرنگیی جێبەجێکردنی سیستمی فیدراڵی لە عێراق کردەوە وەک لە دەستووردا هاتووە و ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت؛ گوتیشی، بەردەوامیی کێشە و ناکۆکی لەنێوان بەغدا و هەولێر لە بەرژەوەندی وڵاتدا نییە. 
 
وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا و رێککەوتنەکان؛ هەروەها جەختیان لە تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە. 
 
نێچیرڤان بارزانی و ئەلینا رۆمانۆوسکی دەرفەتەکانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی بیانی و نێوخۆیی و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی کوردانی ئێزدی و گرنگی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و پێشهاتەکانی ناوچەکەشیان تاوتوێ کرد.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە