ژمارەی قوتابیی زمانی سریانی لە هەرێمی کوردستان کەمدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ناتاشا کە منداڵی خێزانێکی کریستیانی دانیشتووی هەولێرە، دوو ساڵە لە قوتابخانەیەکی سریانی لە عەنکاوە دەخوێنێت. ئەو کچە ئامادەکاری دەکات بۆ ساڵی نوێی خوێندن و دەیەوێت هەر بە سریانی درێژە بە خوێندن بدات.
 
پۆلین هرمزی، دایکی ناتاشا بە رووداوی گوت، "دوو کچم هەیە، یەکێیان پۆلی شەش و ئەوی دیکەیش پۆلی سێیە. ئێمە ئەو قوتابخانەیەمان هەڵبژارد، چونکە خوێندنەکەی بە زمانی سریانییە، ئەمە بۆ پاراستنی زمانەکەمان باشە، دەمەوێ کوڕە بچووکەکەمیش بنێرمە قوتابخانەی سریانی."
 
لە قوتابخانەیەکدا لە عەنکاوە، 31 قوتابی بە زمانی سریانی دەخوێنن و ئەمساڵ تەنیا سێ قوتابی لە پۆلی یەکدا دەخوێنن. بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێت، ساڵ بۆ ساڵ قوتابیی خوێندنی سریانی کەم دەبێتەوە.
 
سەعید یەلدا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سریانی لە عەنکاوە دەڵێت، "ساڵ بۆ ساڵ قوتابی کەم دەبێتەوە، چونکە دایک و باوکیان سەفەر دەکەن، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر هەموو قوتابخانەکانی خوێندنی سریانی."
 
لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی داتای وەزارەتی پەروەردە، 7 هەزار و 650 قوتابی لە 48 قوتابخانەی حکومی بە زمانی سریانی دەخوێنن.
 
لە ساڵی 1993ـەوە لە هەرێمی کوردستان قوتابخانەی تایبەت بە خوێندنی سریانی دامەزراون کە پێشتر حکومەتی عێراق تەنها هەفتەی دوو جار رێگەی بە خوێندنی ئەو زمانە لە قوتابخانە حکومییەکان دەدا. لە ماددەی 14ـی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستانیش زمانەکانی سریانی، تورکمانی و ئەرمەنی بە فەرمی ناسێندراون و مافی فێرکردن بەو زمانانە گەرەنتی کراوە.