فازڵ میرانی: بەغدا ناتوانێت لە راگرتنی بودجەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، بەغدا ناتوانێت لەوە زیاتر بەردەوام بێت لە نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "بە هەر شێوەیەک بێت، دەبێت کوردستان شایستە داراییەکانی خۆی وەربگرێت."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 11-09-2023 فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمی 62ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، کە لە شەقڵاوە بەڕێوەچوو، رایگەیاند، "شۆڕشی ئەیلوول تەنیا هی پارتی نییە، بەڵکو هی هەموو خەڵکی کوردستانە، چونکە هەموو چین و توێژێک لەو شۆڕشەدا بەشدار بوون."
 
وەکو فازڵ میرانی گوتی، شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، زانستی و سەربازی بوو، "ئەو شۆڕشە شەڕی نێوان کورد و عەرەب نەبوو، بەڵکو وەکو بارزانیی نەمر ئەمری دەکرد و دەیگوت، ئەوە شەڕی خەڵکی کوردستانە لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە ستەممان لێ دەکەن."
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە قسەکانیدا، وەکو یەکێک لە ئامانجەکانی شۆڕشی ئەیلوول، باسی لە پێکەوەژیان لە کوردستان کرد کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نموونەیەکی سەرکەوتووە.
 
فازڵ میرانی هەروەها گوتی، یەکێک لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول، وەرگرتنی مافی ئۆتۆنۆمی بوو، نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ کوردستان، "چونکە لە کوردستان ئاشووری، کلدانی، ئێزدی، تورکمان، عەرەب و مەسیحیش هەن؛ بۆیە بڕیاری ئۆتۆنۆمی کە رێککەوتنی لەسەر کرا، بۆ تەواوی ئەو خەڵکە بوو."
 
 
شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشێکی چەکداری بوو، کە لە ساڵانی 1961 - 1970 بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دژی حکومەتی ئەو کاتی عێراق کرا.
 
"دەبێت خۆمان لە جوێنی سۆشیاڵ میدیا بپارێزین"
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رۆڵی سۆشیاڵ میدیا لە گەورەکردنی کێشەکان بە خراپ دەزانێت و دەڵێت، "لە هیچ شوێنێکی جیهان ناکرێت سۆشیاڵ میدیا سەرکردایەتیی نەتەوەیەک بکات، بەڵکو تەنیا سەرکردایەتیی ئەو کەسە دەکات کە سۆشیاڵ میدیا بەکاردەهێنێت."
 
فازڵ میرانی جەختی لەوە کردەوە، نابێت سەرکردایەتیی هێزە سیاسییەکان و پارتەکان بە شوێن سۆشیاڵ میدیا بکەون، "ئێمەی پارتی دەبێت خۆمان لە شەڕە جوێنی سۆشیاڵ میدیا بپارێزین، چونکە هەر خۆمان تێیدا زەرەر دەکەین."
 
"چارەسەربوونی کێشەکان پێویستی بە گۆڕانی عەقڵییەتی بەغدایە"
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەبارەت بەو کێشانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتەکانی عێراق هاتوونەتە ئاراوە دەڵێت، "تاوەکو ئەو کاتەی عەقڵییەت لەو وڵاتانەی کە حوکمڕانیی کوردستان دەکەن، نەگۆڕدرێت، دۆخی میللەتی کوردستان هەر بەم شێوەیە دەمێنێت. کێشەی ئێمە لە عێراق لەگەڵ ناو [سەرۆکوەزیرەکان] نییە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ عەقڵییەتەکەدا هەیە."
 
فازڵ میرانی پێیوایە، ئێستا بەغدا بەهێزبوونی خۆی لە لاوازبوونی هەرێمی کوردستاندا دەبینێت و گوتی، "عێراق کاتێک خۆی بەهێز دەبینێت کە کورد بەهۆی پەرتەوازەبوونی لاواز دەبێت و [ئەوان] هەوڵ دەدەن لەگەڵ هەریەکە لە ئێمە بە زمانێک قسە بکەن."
 
بۆ دەربازبوون لە گرفتەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان و کورد، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشنیاز دەکات، "هاوڕیزییەکی باش لەنێوان حیزبەکاندا هەبێت، بۆ ئەوەی بەرەو کوردستانێکی ئارام، ئازاد و بەختەوەر بچین."
 
"پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەفایەکە بۆ خوێنی شەهیدان"
 
فازڵ میرانی گوتیشی، دەبێت دەستکەوتەکانی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن، "چونکە ئەم دەستکەوتانە بە سوتفە دروست نەبوون، بەڵکو بە خوێنی هەزاران شەهید هاتوونەتە ئاراوە و وەکو وەفایەک بۆ ئەوان، دەبێ بیانپارێزین."
 
دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی پێمان بکرێت بۆ هاوڕیزیی لەنێوان پارتی و یەکێتی دەیکەین. ئێستا بۆ بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی نێوانمان، چاوەڕوانی برادەرانی یەکێتیمان دەکەین کە ئێستا کۆنگرەیان بۆ هاتووەتە پێشەوە."
 
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجە، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە.
 
 
فازڵ میرانی گوتی، "بەغدا ناتوانێت بەردەوام بێت لە نەناردنی بودجە، کوردستانیش بە هەر شێوەیەک بێت دەبێت شایستە داراییەکانی خۆی [لە بەغدا] وەربگرێت."
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025، لە 12ی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.