سێ بوومەلەرزە لە باشووری کوردستان روویاندا

رووداو دیجیتاڵ

سێ بوومەلەرزە لە باشووری کوردستان روویاندا. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەڵێت، بوومەلەرزەکانی باشووری کوردستان لە ساڵی 1900ـەوە مامناوەندن و هیچیان وێرانکەر نەبوون.
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "سێ بوومەلەرزە روویانداوە و هیچیان وێرانکار نەبوون. یەکەمیان لە سنووری نیوان ناوچەکانی کەرکووک، چەمچەماڵ و خوورماتوو بووە و کاژێر 12:37 خوولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ روویداوە و، گوڕەکەی 3.8 پلەی رێختەر بووە."
 
ئاسۆ کەمال گوتیشی، بوومەلەرزەی دووەم کاژێر 12:42ـی بەرەبەیان بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر و گوڕی 4.3 پلەی رێختەر بووە.
 
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئاماژەی بە بوومەلەرزەی سێیەم کرد و گوتی، "سێیەم بوومەلەرزەش کاژێر 12:43ـی بەرەبەیان بووە و گوڕەکەی 4.7 پلەی رێختەر بووە لە سنووری ناوچەکانی قەزای خوورماتوو."
 
ئاسۆ کەمال گوتی، "رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان نزیکە لە پلێتی بوومەلەرزەی عەرەبی – فارسی و ناوبەناو بوومەلەرەی هاوشێوە لێی روودەدات."
 
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد، هەرێمی کوردستان نزیکە لە هێڵی بوومەلەرزەی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و گوتی، "بوومەلەرزەکانی هەرێمی کوردستان مامناوەندن و وێرانکەر نین. داتاکانی داتا سەنتەر ئاماژە بەوەدەکەن، لە ساڵی 1900ـەوە تاوەکو ساڵی 2020 هەرچی بوومەلەرزەیەک کە روویداوە، وێرانکار نەبووە".
 
بوومەلەرزەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زۆرینەی باشووری کوردستان هەستیپێکرا، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای کەرکووک و قەزای خوورماتوو.