ئەو پزیشکەی لەکاتی نەشتەرگەری مقەستێکی لە سکی ژنێکدا لێ بەجێما: ئەرکی من نییە مقەست بژمێرم

 
رووداو دیجیتاڵ 

ژنێک لە کەرکووک دوای نەشتەرگەرییەک کە بۆ دەرهێنانی گرێیەکی حەوت کیلۆی لەنێو سکی ئەنجامدرا، بەر لە دوورینەوەی پێستی مقەستێک بەجێ دەمێنێ کە 30 سانتیممەترە. لەو ماوەیەدا، شلێر کە خاوەنی سێ منداڵە ژیانی بە ئازارەوە بەڕێکردووە، دوای زیادبوونی ئازارەکەی بۆ پشکنین سەردانی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک کردووە و لە وێنەی تیشکدا دەرکەوتووە، مقەستێک لەسکی-دا بەجێماوە. 
 
سێ رۆژ پێش ئێستا بە نەشتەرگەرییەکی دیکە کە لەلایەن ئەو پزیشکەی نەشتەرگەری یەکەمی بۆی کردبوو، مقەستەکە دەرهێندرایەوە. شلێر عومەر دەڵێت، "نەمزانی مقەست لەسکمدایە، دوای ئەوەی دەرزی و چارەسەریان بۆ کردم هیچ سوودی نەبوو، تیشکیان بۆکردم، گوتیان مقەست لەسکیدایە، دواتر دووبارەیان کردەوە و گوتیان رەنگە هەڵەیەک هەبێت، گوتیان بەلای راست و چەپدا بیکەن، دواتر دەرچوو کە مقەستە." 
 
نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەی سەلامی ناحکومی ئەنجامدراوە، کەسوکاری نەخۆشەکە لە مافی خۆیان خۆش نابن، سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە و داوای قەرەبووی زیانەکانیان دەکەنەوە
 
شێرکۆ محەممەد، هاوسەری نەخۆشەکەیە و دەڵێت: سکاڵام تۆمارکردووە، گوتم، سکاڵات لێدەکەم، گوتی بیکە، داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەویم کردووە.. ئەو پارەیەی کۆم کردبووەوە خزم و کەسوکار بۆیان کۆکردبوومەوە. 
 
دکتۆر فائیزە سابیر، ئەو پزیشکەیە کە نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامداوە؛ ئەو دەڵێت، ستافێک لەگەڵیدابوون بۆ ئەو نەشتەرگەرییە کە زۆر گەورەبووە و گرێیەکی حەوت کیلۆییان لەسکی نەخۆشەکە دەرهێناوە. دەشڵێت، بەجێهێشتنی مقەستەکە لە ئەستۆی یاریدەدەری پزیشکە نەک پزیشکی پسپۆڕ. 
 
دکتۆر فائیزە دوای ئەوەی زانیویەتی مقەستێک لەسکی شلێر بەجێماوە، نەشتەرگەییەکی دیکەی بەخۆڕایی بۆکردووە. 
 
دکتۆر فائیزە سابیر لەیلانی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون بە رووداوی گوت: گرێکە زۆر گەورەبوو، خۆم و ستافەکە ناچاربووین 20 مقەست بەکاربهێنین بۆ وەستاندنی خوێنبەربوونی نەشتەرگەرییەکە.. بەهیچ جۆرێک بەرپرسیارێتی منی تێدانییە. 
 
بەگوتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: تاوەکو شاشیش پسپۆڕی تۆ نییە بیژمێری، بەڵام "من شاشەکان چونکە خۆم بەکاری دەهێنم هەر خۆم دەیژمێرم، هیچ رۆژێک ئەرکی من نەبووە مقەست بژمێرم، کاری ئەو کادرەیە لەگەڵمدایە دەبێت ئەو مقەست و کەرەستەکان بژمێرێ کە بەکاریدەهێنین لە نەشتەرگەرییەکەدا." 
 
فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک تاوەکو ئێستا دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو رووداوە نەکردووەتەوە. بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکووک دەڵێت، ئەگەر سکاڵای پزیشکییان پێبگات بۆچوونی لەبارەوە دەدەن.