فریاکەوتنی خێرای ئیلام: دوو هەزار و 500 زیارەتکار بەهۆی گەرماوە نەخۆش کەوتوون
رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە سێ رۆژی رابردوودا نزیکەی دوو هەزار و 500 زیارەتکار بەهۆی گەرماوە نەخۆش کەوتوون و خزمەتگوزارییان بۆ دابینکراوە.
سەیید نوور عەلیمورادی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ئیلام دەڵێت، رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، سێیەمین ئیمامی شیعەکان، لە وەرزی گەرمادایە، بۆیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری لەسەر زیارەتکاران هەبووە و لەم سێ رۆژەی رابردوودا نزیکەی 2500 کەسیان نەخۆش کەوتوون. هەروەها کۆرۆنا و چەند نەخۆشییەکی دیکە لەنێو زیارەتکاراندا بڵاوبووەتەوە.
دەروازەی سنووریی میهران دەکەوێتە پارێزگای ئیلام و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر زیارەتکاری ئێرانی بە مەبەستی سەردانکردنی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لەنێو عێراق بەکاریدەهێنن و لێیەوە دێنە نێو عێراق.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە، 10 هەزار و 800 زیارەتکار بەهۆی گەرماوە نەخۆش کەوتوون.
بەهرام عەینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستیی ئێران داوا لە زیارەتکاران دەکات ژمارەیەک رێکار بگرنەبەر بە مەبەستی ئاگاداربوون لەباری تەندروستییان، وەک خواردنەوەی ئاوی زۆر و پشوودان لە رێگەدا.