لە کەسنەزان دیوارێک بەسەر چوار منداڵ دەڕووخێت و دووانیان گیانلەدەستدەدەن


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رووخانی دیواری حەوشەی ماڵێک لە ناحیەی کەسنەزان 4 منداڵ دەکەونە ژێر دیوارەکە و دووانیان گیانیان لەدەستدا و دووەکەی دیکەش بەسەختی بریندار بوون و رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە.
 
ئەمڕۆ شەممە 11-09-2021 کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، دوو منداڵ کە تەمەنیان 2 ساڵان و 3 ساڵانە و یەکێکیان کوڕ و ئەوەی دیکەیان کچە دیواری ماڵی دراوسێکەیان بەسەریاندا رووخا و گیانیان لەدەستدا، دوو منداڵی دیکەش هەر بەهۆی رووخانی دیوارەکە برینداربوون، هەموو منداڵەکان خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن و نیشتەجێی شاری هەولێرن و لە خانووی کرێدا دەژین.
 
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، بە قسەی کەسوکارەکانیان منداڵەکان لەنێو باخچەی ماڵەکەیان خەریکی یاریکردن بوون و لەناکاو دیواری دراوسێکەیان بەسەر منداڵەکاندا رووخاوە.
 
بە گوتەی یەکێک لە کەسوکاری خێزانەکە، کە قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد، دوو منداڵەکەی دیکە براونەتە فریاکەوتنی هەولێر و باری تەندروستییان ناجێگیرە و گیانیان لە مەترسیدایە.