مستەفا کازمی سەردانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات

11-09-2020

17:15

کازمی: هەڵەبجە ژانێکە بۆ خەڵکی عێراق و کار لەسەر بە پارێزگاکردنی دەکەین

کازمی: هەڵەبجە ژانێکە بۆ خەڵکی عێراق و کار لەسەر بە پارێزگاکردنی دەکەین
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی سەردانیکردنی مۆنیۆمێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە تاجەگوڵینەی لەسەر پەیکەری عومەری خاوەر دانا و رایگەیاند، داواکاریی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بەدەستگەیشتووە و لیژنەیەک پێکدەهێنن بۆ لێکۆڵینەوە لەو داواکارییە.
 
کازمی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، گوتی، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە ژانێکە بۆ مرۆڤایەتی و خەڵکی عێراق، ئێستاش کاتی ئەوەیە ئەو ژانە بکرێتە بکرێتە دەرفەتێکی هیوا بۆ خەڵکی شارەکە. 
 
کازمی رایگەیاند، "دەرفەتی هیواش داواکانی ئێوەیە بە لێکۆڵینەوە لە داواکەتان بۆ بە پارێزگاکردنی ئەم شارە. ئەم داوایەم وەرگرتووە، لیژنەیەک پێکدەهێنین بۆ لێکۆڵینەوە لێی، بە مەبەستی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری و هاوکاری بۆ ئەم شارە کە تووشی کارەساتێکی گەورە بووە".

 

 

زیاتر بخوێنەوە

16:29

بەرهەم ساڵح بۆ کازمی: دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە پێش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا

بەرهەم ساڵح بۆ کازمی: دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە پێش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا
 
ئەمڕۆ هەینی، مستەفا کازمی سەردانی سلێمانی کرد و لە مێرگەپان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح بە کازمی گوتووە، "دەرفەتێکی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان هاتووەتە پێش".
 
سەرۆککۆماری عێراق باسی لەوەشکردووە، چارەسەرێکی دادپەروەرانە و یاسایی بۆ کێشەکان دەتوانێت گرەنتی ئەوە بدات بودجەی حکومەتی ناوەند و سەرچاوە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەنە ئەو کەسانەی شایستەن. 
 
پەیامنێری رووداو زانیاریی زیاتر لەبارەی سەردانی کازمی بۆ مێرگەپان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان باسدەکات:

 

زیاتر بخوێنەوە

14:52

کازمی بۆ مام جەلال: مێژوو بە شانازییەوە یادت دەکاتەوە

ساتی نووسینی پەیامەکە لەلایەن مستەفا کازمییەوە لە دەفتەری یادەوەریی ئارامگەی مام جەلالدا. وێنە: هەرێم عەلی - رووداو
 
لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای سلێمانی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی گڵکۆی جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووتری عێراقی کرد و لە دەفتەری یادەوەریی ئارامگەکەیدا پەیامێکی بە زمانی عەرەبی نووسی و دەڵێت "مێژوو بە شانازییەوە یادت دەکاتەوە".
 
دەقی نووسینەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دەفتەری یادەوەریی ئارامگەی مام جەلال:
 
ئەمڕۆ سەردانی گۆڕی یەکێک لە پیاوە گەورەکان و دامەزرێنەری سیستمی دیموکراتی لە عێراقم کرد. هەموومان زۆر شت لەوەوە فێربووین.
 
مام جەلال مێژوو بە شانازییەوە یادت دەکاتەوە.
 
مستەفا کازمی
سەرۆکوەزیرانی عێراق
 
زیاتر بخوێنەوە

14:45

پارێزگاری هەڵەبجە: کازمی پێش ئەوەی رابکات بۆ دەرەوەی وڵات ماوەیەک لە هەڵەبجە بووە

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە
 
پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی گرنگیی سەردانی مستەفا کازمی بۆ پارێزگاکە بە رووداوی گوت، چەند داواکارییەک پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن، لەنێویاندا ناساندنی هەڵەبجە وەکو پارێزگا. ئاماژەی بەوەش کرد، "کازمی پێش ئەوەی رابکات بۆ دەرەوەی وڵات ماوەیەک لە هەڵەبجە بووە".
 
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگاکە زیانی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی کیمیایی و جینۆسایدەوە و داوا لە کازمی دەکەن کە حکومەتی عێراق بچێتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.
 
پارێزگاری هەڵەبجە باسی لەوەش کرد کە 17 داواکارییان ئامادەکردووە بۆئەوەی پێشکەشی مستەفا کازمیی بکەن، دەشڵێت، قسەیان لەسەر ئەوە هەیە کە هەڵەبجە هاوشێوەی "نەجەفی ئەشرەف" بودجەیەکی رەمزیی هەبێت.
 
ئازاد تۆفیق گوتیشی "مستەفا کازمی پێش ئەوەی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و رابکات بۆ دەرەوەی وڵات، لەم شاری هەڵەبجە ماوەیەک لە ماڵی کەسێک دەمێنێتەوە، ئینجا دەڕوات، بۆیە ئەو دەزانێت دۆخی هەڵەبجە چۆنە و هەڵەبجەییەکان چەند میوان دۆست بوون و چەند دژی دەوڵەتە زاڵمەکانی پێشوو بوون، کیمیابارانی هەڵەبجەش کارێکی کردووە کە عێراقی نوێ دروستبووە.. هیوادارین ئەو خەمەی دوێنێ هەیبووە بۆ هەڵەبجە و شوێنەکانی دیکە، ئەمڕۆ بەرجەستەی بکات".
 
رۆژی 10ی ئەیلوول، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی، گەر کازمی داوای لێبوردن لە خەڵکی هەڵەبجە بکات، "ئەوا خۆی گەورە دەبێت".
 
زیاتر بخوێنەوە

13:55

پارێزگاری سلێمانی داوای هێڵی شەمەندەفەر و نەخۆشخانەیەکی 300 قەرەوێڵەیی لە کازمی دەکات

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی. وێنە: پەیجی پارێزگاری سلێمانی
 
پارێزگاری سلێمانی 26 داواکاریی خستووەتە بەردەستی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێک لە داواکارییەکان، دابینکردن و خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی ئەو پرسەیە لە هەر دۆسیە و ناکۆکییەکی سیاسی، دەشڵێت "بەئومێدی چارەسەرکردنی کێشەکان و وەڵامدانەوەی ئەرێنین".
 
لە 01-01-2014وە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان خەرج نەکراوە، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی داوای دابینکردن و خەرجکردنی ئەو بودجەیە دەکات بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، دابیننەکردنی "کاریگەریی زۆر نەرێنیی لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و تەواوکردنی پرۆژەکان و پەرەپێدان هەبووە".
 
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی پارێزگاری سلێمانی، کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی 300 قەرەوێڵەیی تایبەت بە نەخۆشییە گواستراوەکان و بەتایبەتی کۆرۆنایە پێش وەرزی زستان.
 
هەروەها داوا لە کازمی کراوە کە هێڵی شەمەندەفەری نێودەوڵەتی بگەیێندرێت بە پارێزگای سلێمانی "لانیکەم لە ئێستادا لە کەرکووک بۆ باشماخ، کە رۆڵێکی گرنگی لە پەرەپێدانی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا دەبێت، بەتایبەتی کە لە ساڵانی ئاییندەدا هێڵی شەمەندەفەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەیێندرێتە خاڵی (سفر)ی دەروازەی باشماخ".

 

 

زیاتر بخوێنەوە

12:49

کازمی بۆ جووتیارەکانی سلێمانی: کێشەکەتان بۆ چارەسەر دەکەم

یەکێک لەو جووتیارانەی پێشوازیی لە مستەفا کازمی کرد
لەکاتی گەیشتنی بۆ سلێمانی، بەشێک لە جووتیارانی سلێمانی پێشوازییان لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و داوای پارەی گەنمەکانیان لێکرد. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پێی راگەیاندن کە کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکات.
 
یەکێک لەو جووتیارانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مستەفا کازمی بەلایاندا تێپەڕبووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆلایان. هەوەها لەوکاتەشدا سەری یەکێک لە جووتیارەکان ماچ دەکات؛ هاوکات بە جووتیارەکانیش دەڵێت، هەرچەندە ئێستا عێراق رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە، "بەڵام کێشەکەتان بۆ چارەسەر دەکەم".
 
ئەو جووتیارە گوتیشی، کێشەی نەناردنی پارەی ئەوان لە سێ خاڵدا خۆی دەبینێتەوە کە بریتین لە "ململانێی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ململانێی نێوان حیزبەکانی هەرێمی کوردستان و عەرەبچێتی بەغدا دژ بە کورد".

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کە لە شوێنی گردبوونەوەی جووتیارەکان بوو، لە تەنیشت کازمییەوە بە ژنە جووتیارێکی گوت "[کازمی] دەڵێت رۆژی یەکشەممە کێشەکە چارەسەر دەکات".
 

زیاتر بخوێنەوە

11:58

نێچیرڤان بارزانی و مستەفا کازمی: گفتوگۆی هەولێر و بەغدا گرنگە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بنچینەیی

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی مستەفا کازمی و نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەردوولا داکۆکییان کردووە "له‌ گرنگيى گفتوگۆى هه‌ولێر – به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی بنچینه‌یی كه‌ خزمه‌ت به‌ ته‌واوى وڵات و پێكهاته‌كانى بكات".
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا دۆخى گشتيى وڵات و دۆسيە هاوبه‌شه‌كانى نێوان حكومه‌تى فيدراڵی و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى يه‌كڕيزى و يه‌كهه‌ڵوێستى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و ئاڵنگارییەکانی ئێستا كردووەتەوە.
 
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
 
سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 11/9/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز مسته‌فا كازمى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كرد.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى گشتيى وڵات و دۆسيا هاوبه‌شه‌كانى نێوان حكوومه‌تى فيدراڵ و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى يه‌كڕيزى و يه‌كهه‌ڵوێستى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و ته‌حه‌دياتى ئێستا كرده‌وه‌.
 
هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ گرنگيى گفتوگۆى هه‌ولێر – به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی بنچینه‌یی کرده‌وه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ ته‌واوى وڵات و پێكهاته‌كانى بكات.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى ئه‌منيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرستانى داعش كرايه‌وه‌، به‌ شێوه‌يه‌ك سه‌قامگيرى دابين بكات و هاوكار بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان و به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنێكى سه‌ركه‌وتوو كه‌ ئيراده‌ و خواستى هاووڵاتيان به‌رجه‌سته بكات.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:34

مستەفا کازمی گەیشتە سلێمانی

ساتی گەیشتنی کازمی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای سەردانی هەولێر و دهۆک و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان، کەمێک پێش ئێستا گەیشتە سلێمانی و لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی پارێزگاکە پێشوازیی لێ کرا.

لە دووەم رۆژی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە دەكات و مەرزی سنووری باشماخیش بەسەردەكاتەوە.

هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، مستەفا کازمی "سەرەتا سەردانی باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی دەكات و ماوەی 45 خولەك لەگەڵ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكە كۆدەبێتەوە، پاشان سەردانی پارتە سیاسییەكان دەكات".

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو "كاژێر 12:30 كازمی لە هاوینەهەواری مێرگەپان كە شوێنی مانەوەی د. بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراقە، لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و شاندێكی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، دەشگوترێت بڕیارە لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامیش كۆببێتەوە".

هۆرڤان رەفعەت هەر لەبارەی سەردانەکانی کازمی گوتیشی "سەرۆكوەزیرانی عێراق كاژێر 03:30 خولەکی ئێوارە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەكات و لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكە كۆدەبێتەوە، هەروەها سەردانی مەزاری شەهیدانی كیمیاباران دەكات، دواتر گەشتێك بەنێو پارێزگای هەڵەبجەدا دەكات".

بڕیارە كاژێر 05:00ی ئێوارەش كازمی، سەردانی مەرزی باشماخ بکات و لەگەڵ بەرپرسە كارگێڕی و ئیدارییەكانی مەرزەكە كۆببێتەوە، دواتر دەگەڕێتەوە سلێمانی و لەوێش لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی كاژێر 05:30 دەگەڕێتەوە بەغدا و كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنێت.

ئەم سەردانەی کازمی لەکاتێکدایە، کەشێکی ئەرێنی لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هاتووەتە ئاراوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا.

زیاتر بخوێنەوە

11:31

نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆی بنیاتنەرمان ئەنجامدا

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مستەفا کازمی. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆی بەرهەمداریان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
 
لە توویتێکدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی رایگەیاندووە "خۆشحاڵم ئەم بەیانییە لە هەولێر پێشوازیم لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری کرد. بەردەوام بووین لە گفتوگۆ بنیاتنەرانەکانمان تایبەت بە چارەسەرکردنی مژارە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق و تاوتوێکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوانمان".
 
زیاتر بخوێنەوە

11:09

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مستەفا کازمی کۆتاییهات

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
 
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی نێوان مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات.
 
بڕیارە مستەفا کازمی هەر ئەمڕۆ سەردانی پارێزگای سلێمانی بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی پارێزگاکەدا کۆببێتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:02

بڵێسە جەبار فەرمان: شەقامی کوردی پێی خۆشە کازمی کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان بکات

بڵێسە جەبار فەرمان، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق
بڵێسە جەبار فەرمان، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق
 
بڵێسە جەبار فەرمان، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە سەردانەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو سەردانە وەکو ئامادەکارییەکە بۆ هەڵبژاردن و کازمی دەیەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر کورسی بەدەستبهێنێت و خاوەن قورسایی خۆی بێت لە پەرلەمان.
 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە کوردستان "خەڵک برسییە" و زۆر ناڕازین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە شاندەکانی هەرێمی کوردستان و پێگەی هەولێر لە بەرامبەر عێراق لە گفتوگۆکاندا لاوازە.
 
سەبارەت بە پەیامی سەردانەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان گوتی، ئەوە ئامادەکارییەکە بۆ هەڵبژاردن و "دەیەوێت شەقامی کوردی بۆلای خۆی رابکێشێت".
 
مستەفا کازمی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و کەمپێکی کوردانی ئێزدی و مەزاری قوربانیانی ئەنفالی لە دهۆک کرد، هەروەها بڕیارە ئەمڕۆش بچێتە سلێمانی و پاشان لە هەڵەبجە سەردانی مەزاری شەهیدانی کیمیاباران بکات.
 
بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، کازمی دەیەوێت بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بڵێت، هەموو عێراق یەک پارچەیە و ئەو کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هەموو بەشەکانی عێراقدا هەیە.
 
بڵێسە جەبار فەرمان گوتیشی "پەیامی یەکەمی [کازمی] بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە وا 'عێراق یەکماندەخاتەوە' واتە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و دەیەوێت هەمووی کۆنترۆڵ بکات. بێگومان شەقامی کوردی ئەوەی پێخۆشە، شەقامی کوردی ئەوەندە لە حکومەتی خۆمان بێزار و ناڕازییە، بە حوکمی کازمی رازییە".
 
زیاتر بخوێنەوە

08:56

مستەفا کازمی گەیشتە نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

پێشوازیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
کەمێک پێش ئێستا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. گوتەبێژی مستەفا کازمی رۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلوول بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن.
 
 
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەبەرئەوەی نێچیرڤان بارزانی پێشتر سەرۆکی حکومەت بووە، ماوەیەک لەمەوبەریش وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و "کەسێکی بە ئەزموونیشە"، بۆیە باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن.

هەر سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکەی کازمی گوتیشی "بەدڵنیاییەوە گفتوگۆی چڕ دەکرێت سەبارەت بە هەموو پرسەکان، هەروەک چۆن لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت تاوتوێمان کردن".

رۆژی پێنجشەممە مستەفا کازمی لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا قسەیانکرد.

 

 
کازمی سەرۆکایەتیی شاندێکی گەورەی حکومەتی عێراق دەکات و رۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلوول لە زاخۆ سەردانی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلی کرد و دواتریش کامپی قادیەی ئاوارەکانی بەسەرکردەوە.

لە دووەم رۆژی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە دەكات و مەرزی سنووری باشماخیش بەسەردەكاتەوە.

هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند "دوای تەواو بوونی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی كاژێر 11:30 مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بگاتە فڕۆكەخانەی  نێودەوڵەتیی سلێمانی، سەرەتا سەردانی باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی دەكات و ماوەی 45 خولەك لەگەڵ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكە كۆدەبێتەوە، پاشان سەردانی پارتە سیاسییەكان دەكات".

هەروەها دەڵێت "بەپێی زانیارییەكان كاژێر 12:30 كازمی لە هاوینەهەواری مێرگەپان كە شوێنی مانەوەی د. بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراقە، لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و شاندێكی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، دەشگوترێت بڕیارە لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامیش كۆببێتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی "سەرۆكوەزیرانی عێراق كاژێر 03:30 خولەکی ئێوارە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەكات و لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكە كۆدەبێتەوە، هەروەها سەردانی مەزاری شەهیدانی كیمیاباران دەكات، دواتر گەشتێك بەنێو پارێزگای هەڵەبجەدا دەكات".

هەروەها پەیامنێری رووداو دەڵێت "كاژێر 05:00ی ئێوارەش كازمی، سەردانی مەرزی باشماخ دەكات و لەگەڵ بەرپرسە كارگێڕی و ئیدارییەكانی مەرزەكە كۆدەبێتەوە، دواتر دەگەڕێتەوە سلێمانی و لەوێش لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی كاژێر 05:30 دەگەڕێتەوە بەغدا و كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنێت".

ئەم سەردانەی کازمی لەکاتێکدایە، کەشێکی ئەرێنی لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هاتووەتە ئاراوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا.
 

 

 

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە