بەرەی تورکمانی: سکاڵا لەسەر کۆبوونەوەکەی بەغدا تۆماردەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە "پووچەڵ" ناودەبات و دەڵێت، لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆماردەکەن؛ ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئەوان بۆ کۆبوونەوەکە ئاگادارنەکرابوونەوە.
حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کەرکووک، هەڵوێستی بەرەی تورکمانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک خستەڕوو و رایگەیاند، "حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لە دەرەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک کە سەرۆکوەزیران دروستی کرد، پێکهێندرا. لە رۆژی یەکەمەوە رژدبووین لەسەر ئەو بابەتە، ئەوەش بەمەبەستی سەرخستنی پڕۆژەکەی سەرۆکوەزیران؛ بۆیە ئەم حکومەتە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییە کە هەموو لایەنە براوەکانی کەرکووک لەخۆدەگرێت پێکهێنراوە، ئەوەش پێشێلکردنێکی ئاشکرا و روونی سیاسییە."
سەرۆکی بەرەی تورکمانی رەتیکردەوە، کێشەی کەرکووک بە دابەشکردنی پۆست چارەسەر بکرێت و "متمانە"ـی بە بابەتە گەورەکە ناوبرد و گوتی، ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا "تێکدرا و پێشێلکرا."
بە گوتەی حەسەن تۆران، تورکمانەکان پێکهاتەیەکی سەرەکین لە کەرکووک و کەس ناتوانێت فەرامۆشیان بکات. سەبارەت بە ئامادەنەبوونیشیان لە کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، "هیچ کەس لە ئێمە ئامادەنەبووە و هیچ تورکمانێکمان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە رانەسپێردرا"، ئەمەش وەڵامێکە بۆ پەرلەمانتار غەریب عەسکەر کە خۆی وەکو نوێنەری تورکمان ناساند.
حەسەن تۆران لە قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی پارێزگادا هەندێک پێشێلکاریی یاسایی کراون کە وا دەکەن کۆبوونەوەکە "پووچەڵ" بێت و گوتی، "مادەی حەوتی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەموارکراو دەڵێت، سەرۆکی تەمەن سەرپەرشتی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی و پارێزگار و جێگرانی دەکات. بەڕێز راکان جبووری سەرۆکی تەمەنە و ئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیە نەبوو و، داوای کۆبوونەوەش لەرێگەی ئەوەوە نەکراوە، ئەوەش پێشێلکارییەکی روونە."
حەسەن تۆران گوتیشی، "بۆچی کۆبوونەوەکە لە کەرکووک نەکرا؟ لەکاتێکدا ئاسایش و سەقامگیری لە کەرکووک هەیە؛ دۆخی دیالە لە کەرکووک جیاوازە. لەوێ کێشەی ئەمنی هەبوو و ئەندامانی ئەنجوومەن ناچاربوون کۆبوونەوەکەیان ببەن بۆ بەغدا."
سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق باسی لەوەشکرد، سازان بۆ کۆبوونەوەکە لەنێوان پێکهاتەکان نەبووە؛ بۆیە "کۆبوونەوەکە پووچەڵە و پێچەوانەی یاسایە، دەرهاویشتەکانیشی پووچەڵن."
حەسەن تۆران هەنگاوەکانی داهاتووی ئاشکراکرد و گوتی، "پەنا دەبەینە بەر دادگەی عێراق کە متمانەمان بە دادپەروەرەی و بێگەردیی هەیە، ئەوەش لەپێناو گەڕانەوەی ماف بۆ پێکهاتەی تورکمان و بۆ هەموو خەڵکی کەرکووک، کە ویستیان لێوەرگیرایەوە بەو پێشێلکارییانە."
بە گوتەی سەرۆکی بەرەی تورکمانی، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە تورکمان پابەندی بڕیارەکانی سەرکردایەتیی خۆیان دەبن و ئەوەشی گوت، بڕیاری کۆتایی بۆ ئەو دۆسییە بۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق جێدەهێڵن.
لەبارەی هەڵوێستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق گوتی، "پێموایە سەرۆکوەزیرانیش لێی ئاگادار نەبوو؛ برایانی عەرەبیش پێش چەند کاژێرێک لە کۆبوونەوەکە رایانگەیاند بایکۆتی دانیشتنەکە دەکەن."
بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.