گوتەبێژی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: 22 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون

11-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەکی وەزیری کۆچ و کۆچبەران لەبارەی ناردنەوەی ئاوارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دەکات. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، 22 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024) دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی 3 سکاڵا کۆدەبێتەوە. دووانیان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان. یەکێك لەو سکاڵایانە لە لایەن ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
 
سکاڵاکار داوا دەکات دادگەکە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 24007ـی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند بکات.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ـی تەممووزی ئەم ساڵی بە دوا کات بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دانابوو.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و بەڕێوەبەری لقەکانی وەزارەتەکە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دادگە تاوتوێی ئەو سکاڵایە دەکات. وەزارەتی کۆچ دەیەوێت بە زووترین کات دۆسییەکە دابخرێت و ئاوارەکان بڕۆنەوە شوێنەکانی خۆیان. سبەی بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە."
 
عەلی عەباس گوتی، "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 7 هەزار خێزان لە کەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان؛ نزیکەی 22 هەزار خێزانی دیکە ماون و کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکەین." 
 
رۆژی 07-08-2024 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، قۆناخى سێيه‌مى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى ده‌ڤه‌رى حه‌سه‌ن شام/خازر جێبه‌جێده‌كرێت کە 266 خێزانن، 107ـیان له‌ كه‌مپه‌كان و‌ 159ـیان له‌ ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كان دەژین و ئارەزوومەندانە ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە