بەرگریی شارستانی خەبات: منداڵێک لە زێی گەورە خنکا و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی تەمەن 6 ساڵ لە زێی گەورە خنکا. بەرگریی شارستانیی خەبات دەڵێت: هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، زانا نامیق، ئەفسەر لە بنکەی بەرگریی شارستانیی خەبات بە رووداوی گوت، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ منداڵێکی تەمەن 6 ساڵ، لە خێزانێکی عەرەبی دانیشتووی گوندی زەنگەلە لە سنووری قەزای خەبات، لە زێی گەورەدا خنکا."
 
گوتیشی، "منداڵەکە لەگەڵ دایک و برایەکی چوونەتە نزیک لێواری زێی گەورە و یاریی کردووە، لەناکاو خلیسکاوە و کەوتووەتە ناو زێیەکەوە."
 
ئەو ئەفسەرەی بنکەی بەرگریی شارستانی باسی لەوە کرد، سەرەڕای هەوڵدانی چەندین کاژێری تیمەکان، بەڵام نەیانتوانیوە تەرمەکەی بدۆزنەوە، هەوڵ دەدەن سبەی بە هەڵمەتێکی فراوانتر بگەڕێن.
 
گوندی زەنگەل سەر بە قەزای خەباتە و سەرجەم دانیشتووانەکەی عەرەب و کوردی کاکەیین. 
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، 11 کەس لە زێی گەورەدا خنکاون.