حیزبی سیادە سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی لە ریزەکانی دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
حیزبی سیادە، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی لە ئەندامێتیی حیزبەکەی دوورخستەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، حیزبی سیادە بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر رایگەیاند، "لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، حیزبی سیادە جەختی لە مافی عەرەبەکانی کەرکووک بۆ دانانی پارێزگار کردووەتەوە و هەمیشە داوای یەکڕیزی و یەک گوتاریمان لە عەرەبەکان کردووە؛ دوێنێش رێککەوتین کە نابێت بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکرێت؛ بەڵام محەممەد حافز ئیبراهیم، ئەو رێککەوتنەی پێشێلکرد و بەشداری لە کۆبوونەوەکە کرد."
لە راگەیێندراوێکدا، حیزبی سیادە دەڵێت، "ئێمە وەکو حیزبی سیادە بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی محەممەد حافز ئیبراهیم لە ئەندامێتیی حیزبەکەمان؛ ئەمە جگە لەوەی لە رۆژانی داهاتوودا رێکاری زیاتر بۆ بەفیڕۆنەچوونی دەنگی دەنگدەران و پاراستنی مافەکانمان دەگرینەبەر."
شەوی رابردوو لە هۆتێل رەشیدی بەغدا، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کۆبوونەوەیەک کرا و تێیدا، رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
محەممەد حافز یەکێک بوو لەو شەش ئەندامە عەرەبانەی ئەنجوومەنی پارێزگا کە ئێوارەی دوێنێ واژۆی لەسەر راگەیێندراوی کۆمەڵەی عەرەبەکانی کەرکووک کرد و دژایەتیی خۆی بۆ شێوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەن دەربڕی.