یەکێتی بە دانانی پارێزگاری کەرکووک سێ هاوپەیمانێتییە عەرەبیەکەی پەرتەوازە کرد

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای سێ کاژێر کۆبوونەوە، بەرەی تورکمانیی عێراق بڕیاریدا بەشداری لە ئیدارەی نوێی کەرکووک نەکات و ئەو 18 پۆستە رەتبکاتەوە کە بۆ پێکهاتەی تورکمان دیاریکراون.
 
نیگەرانیی زۆری ئەوان، بەشداری پێ نەکردنیانە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا کە تێیدا پارێزگارێکی کورد هەڵبژێردرا. هاوکات تووڕەن لەلایەنێکی تورکمانیی شیعەی کەرکووک، کە هیچ کورسییەکەی لە ئەنجوومەنی پارێزگا نییە و پشتیوانی لە ئیدارەی نوێ دەکات.
 
غەریب عەسکەر، ئەندامی پەلەمانی عێراق-تورکمانی شیعە دەڵێت: "دەستکەوتەکانی پێکهاتەی تورکمانی پارێزراوە لە ئیدارەی کەرکووک و پشت بەخوا لە رۆژانی داهاتوو برایانی تورکمان بەشداری دەکەن".
 
قەحتان وەندی، سەرۆکی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانیی عێراق بە رووداوی گوت: "ئێمە وەکو بەرەی تورکمانیی عێراق دان بەو ئیدارەیە نانێین و سکاڵامان لە دادگەی عێراقی دەبێت، لەبەر ئەوەی زۆر بۆشایی و کەموکوڕی یاسایی تێدایە، گەلی تورکمان لە کەرکووک بەرەی تورکمانی هەڵبژارد و ئێمەش دوو نوێنەرمان هەیە و هیچیان ئامادە نەبوون و هەر کەسێکی دیکە لەوێ بووە، بۆ خۆی رۆیشتووە و نوێنەرایەتی ئێمە ناکات".
 
یەکێتی بە دانانی پارێزگاری کەرکووک، سێ هاوپەیمانێتییە عەرەبیەکەی پەرتەوازە کرد. راکان سەعید، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەرەبی  کە دەیویست دوو ساڵی دیکە پارێزگاری کەرکووک بێت، دەڵێت، "خیانەتمان لێکراوە و دان بەو ئیدارە نوێیە نانێین و سکاڵا لەدژی خیانەتکاران تۆمار دەکەین".
 
راکان سەعید گوتی: "ئێمە لەژێر باری مادەی 13داین، مادەی 13 لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دراوە و هەمووان پەیوەست دەکات کە هەموو پێکهاتەکان بەشداری لە ئیدارەی کەرکووک بکەن، کەچی بەشێک لە پێکهاتەکان هەر ئاگادارنەکرانەوە، ئێمە لە حاڵەتی تانەدانین لە دانیشتنەکە و هیچ پرسیارێکی پۆستەکانمان نەکردووە، چونکە تانە لە دانیشتنەکە و بڕیارەکانی دەدەین".
 
تورکمانی شیعە دەیانەوێت لە ئەگەری بەشدارینەکردنی بەرەی تورکمانی، پۆستەکانی پشکی تورکمان وەربگرن، لەنێو عەرەبەکانیش، تەمیم و عوبێدی پشکەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی ببەن، کە راکان سەعید سەرۆکایەتی دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە