رووداو دیجیتاڵ
کارگوزارانی سنووری نەخۆشخانەکانی گەرمیان بەهۆی "پاشەکەوتکردنی 100 هەزار دینار" لە مووچەکانیان، لە گردبوونەوەیەکدا داوای پێدانی مووچەی تەواوەتی دەکەن. کۆمپانیای پاککەرەوە هۆکارەکەی بۆ خەرجنەکردنی شایستەی مانگانەیان دەگەڕێنێتەوە. سەندیکای کرێکارانی گەرمیان هۆشداری بە کۆمپانیا دەدات و دەڵێت: "مووچەیان چاک نەکەن پەنا بۆ دادگەی کار دەبەین".
لوقمان مەحموود، کارگوزارە لە نەخۆشخانەیەکی گەرمیان، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە کەڤین حوسێن پێشکێشی دەکات گوتی: "کرێی خانووم 250 هەزار دینارە. مووچەکەم 232 هەزار دینارە. مووچەکەم تەنیا بەشی کرێ ناکات. بژێویمان خراپە و کۆمپانیا دوو مانگە مووچەی دواخستووە."
کۆمپانیای خانەخوێ، لە 01-07-2023 گرێبەستی لەگەڵ تەندروستیی گەرمیان کردووە بۆ پاککردنەوەی نەخۆشخانەکانی سنوورەکە. گرێبەستی کاری لەگەڵ 124 کارگوزار و چوار چاودێر کردووە.
عومەر محەممەد، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای خانەخوێ بۆ خزمەتگوزاری و پاککردنەوە لە بەرپرسیار گوتی: "ئەوەی ئێمە دەیکەین ستەمێکی ناچارییە لە کارگوزاران. ئەو 100 هەزار دینارە قەرزە لەسەرمان و پێیان دەدەینەوە، ئەو قەرزەش بە رەزامەندیی خۆیانە."
مووچەی بنەڕەتیی مانگانەی ئەو کارگوزارانە 350 هەزار دینارە، مانگانە مانگانە 5٪ واتە 17 هەزار دیناریان بە پاساوی "دەستەبەری" لێدەبڕن و 100 هەزار دیناریشیان لەلایەن کۆمپانیاوە پاشەکەوت دەکرێت و 232 هەزار دیناریش وەردەگرن.
کارگوزاران گردبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لە بەردەم تەندروستیی گەرمیانەوە بردە بەردەم لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، سەندیکاکە هۆشداری بە کۆمپانیاکە دەدات لە ئەگەری باشنەکردنی مووچەی کارگوزاران.
عەدنان محەممەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران لە بەرپرسیار گوتی: "ئەوەی لەگەڵ کارگوزاران دەکرێ ستەم و نایاساییە. پشتیوانیی داواکانیان دەکەین. ئەو کێشەیە بۆ دەبێ کرێکار باجەکەی دەدات؟. بەچی یاسایەک 100 هەزار دینار لە مووچەی کرێکار پاشەکەوت دەکرێ."
بەپێی چەند نووسراوێک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، کۆمپانیای خانەخوێ رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی وەرگرتووە بۆ خەرجکردنی پێشینەی مانگانەیان. عومەر محەممەد دەڵێت: "مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان 40٪ـی پێشینەمان دەبڕێ و نازانین هۆکار چییە. ئێمەش هەڵساین بە بڕینی 30٪ـی پاشەکەوتی مووچەی کارگوزاران."
بەپێی یاسای کار، کەمترین مووچەی کرێکار 350 هەزار دینارە و 8 کاژێر وەک کاتی کارکردن دەستنیشانکراوە. سەندیکای کرێکاران دەڵێت: "ئەگەر مووچەی کارگوزارانی گەرمیان چاکنەکرێ هەنگاوی یەکەم پەنابردنە بەر دادگەی کار. ئێستاش کارگوزاران بایکۆتی کاریان کردووە و پشتیوانییان دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ