لە شائابادی کرماشان بەهۆی تەقینی بۆریی گازی ماڵانەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی تەقینی بۆریی گازی ماڵانەوە لە شاری شائابادی (ئیسلام ئاوای رۆژئاوا) کرماشان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 8 کەسی دیکەش بریندارن. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شارەکەش دەڵێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان و بریندارانی رووداوەکە هەیە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، کاژێر 14:39 خولەکی دوانیوەڕۆ لە شەقامی ئاوینیی شاری شائابادی سەربە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە نزیک بەڕێوەبەرایەتیی خۆشبژیویی شارەکە، بۆریی گازی ماڵان تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو ماڵ بە تەواوی رووخان.
 
محەممەدعەلی خودایی، بەڕێوەبەری تەندروستیی شائاباد رایگەیاند، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون کە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان گوێزرانەوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی شائاباد، دۆخی دوو لە برینداران قورسە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
 
مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شاری شائاباد رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی دزەکردنی گاز لە بۆرییەوە بووە و بەهۆی داڕمانی باڵاخانەکان، ئەگەری زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارانی رووداوەکە هەیە.
 
بە گوتەی قەلعەسفیدی، لەئێستادا تیمەکانی فریاکەوتن بە دوو ئەمبوڵانسەوە و تیمێکی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکە ئامادەن.
 
بەپێی هەندێک سەرچاوەی خۆجێی، لە رووداوەکەی ئەمڕۆی شاری شائاباد دا، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لایەنە فەرمییەکان تا ئێستا گیانلەدەستدانی دوو کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە.