کارمەندانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی گەرمیان گردبوونەوە

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
یەکێک لەو کارمەندانەی گردبوونەوە
یەکێک لەو کارمەندانەی گردبوونەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کارمەندانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی گەرمیان گردبوونەوە و دەڵێن، مانگانە 40٪ـی مووچەکانیان بە پاساوی خانەنشینی و پاشەکەوت لێدەبڕدرێت و تەنیا 232 هەزار دیناریان بۆ دەمێنێتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-08-2024، کارمەندانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانی گەرمیان لە بەردەم بینای سەندیکای کرێکارانی کوردستان گردبوونەوە و داوای ئەو 40٪ـەی مووچەکانیان کرد کە مانگانە لێیان دەبڕدرێت.
 
مووچەی بنەڕەتیی مانگانەی ئەو کرێکارانە نزیکەی 350 هەزار دینارە، بەڵام مانگانە 17 هەزار دیناریان بە پاساوی خانەنشینی لێدەبڕن و 100 هەزار دیناریشیان لە بانک لێ پاشەکەوت دەکرێت و 232 هەزار دیناریش وەردەگرن.
 
عەدنان محەممەد، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لقی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەوبارەوە رایگەیاند، ''بەداخەوە لە 1ـی ئابی 2023ـوە 40٪ـی مووچەی ئەو کرێکارانە دەبڕدرێت و ستەمێکی زۆریان لێ دەکرێت کە بەپێی یاسای کار مووچەکانیان پێ نەدراوە و بەشێکیان بۆ پاشەکەوت کراوە".
 
عەدنان محەممەد گوتی، کۆمپانیاکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی وەرگرتووە بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان، ''بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بۆیە پێویستە کرێکاران مانی خۆیان بگرن، بایکۆت بکەن و نەچنەوە دەوام، تاوەکو مافەکانیان بەدەستدەهێنن".
 
بەگوتەی سەرۆکی سەندیکای کرێکاران- لقی گەرمیان، ئەو کرێکارانەی داوای مووچەی خۆیان کردووە، بە دەرکردن لە کار لەلایەن کەسانێکەوە هەڕەشەیان لێکراوە؛ ئەوە لەکاتێکدایە زۆربەیان کرێنشینن و دۆخی داراییان خراپە.
 
لە درێژەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، عومەر محەمەدئەمین، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای خانەقین کە کرێکارەکان کاری بۆ بۆ دەکەن، رەتیدەکاتەوە هەڕەشەیان لێکرابێت و دەڵێت، ''ئەوەی کە من ئاگادار بم لە هیچ نەخۆشخانەیەک، هەڕەشە لە کرێکاران نەکراوە و ئێمەش پاڵپشتیانین.''
 
عومەر محەممەدئەمین گوتیشی، ''ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا بووە، ساڵێکە بە هەر شێوەیەک بێت کرێکارانمان راگرتووە کە کاری خۆیان بکەن، بەڵام ئێستا تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی هاتوون.''
 
بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای خانەقین ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا تەنیا کێشەی پاشەکەوتی مووچەمان هەیە، داوا لە حکومەت دەکەم ئەو پاشەکەوتە لە بانکی سلێمانی نەهێڵێت و بۆمانی بگەڕێنێتەوە.''
 
یەکێک لە کریکاران قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت، ''مانگانە 220 هەزار دینار کرێی خانوو دەدەم، کە چی تەنیا 232 هەزار دیناری مووچەکەم پێدەدەن و تەنیا 12 هەزار دینارم بۆ دەمێنێتەوە.''
 
کرێکارێکی ئافرەتی تەمەن 50 ساڵ بە رووداوی گوت، ''نزیکەی 20 ساڵە کاری پاککردنەوەی نەخۆشخانەکان دەکەم، بەڵام یەک ساڵە مانگانە 100 هەزار دینارمان لێدەبڕن. هاوژینەکەم نەخۆشە و کوڕەکەم کرێکاری دەکات، داوا دەکەم ئەو بڕە پارەیەمان بۆ بگەڕێننەوە.''
 
بەپێی زانیارییەکان، کارمەندانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکان لە گەرمیان رۆژانە حەوت کاژێر کار دەکەن و مانگانە تەنیا بۆیان هەیە تاوەکو سێ رۆژ مۆڵەت وەربگرن.
 
 بەوپێیەی مانگانە 117 هەزار دینار لە مووچەکەیان دەبڕدرێت، سەرەڕای قورسبوونی کارەکەیان، ئێستا بۆ هەر کاژێرێک تەنیا کەمتر لە هەزار و 100 دینار مووچە وەردەگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە