ئاسایشی نیشتمانیی عێراق 9 داعش لە پێنج پارێزگا دەستگیر دەکات

11-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی 9 ئەندامی داعشی لە پێنج پارێزگای عێراق راگەیاند، یەکێکیان پارەی بەسەر خێزانەکانی داعش دا دابەش دەکرد.
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند: "بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ورد، تیمەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای دیالە کەسێکیان دەستگیرکرد کە پارەی بەناوی کەفالەتەوە بەسەر خێزانەکانی داعش دابەش دەکرد، ئەو کەسە ماوەی یەک مانگە لەژێر چاودێریدایە و لەو ماوەیە پارەی دابەش دەکرد."
 
روونیشیکردەوە: "لە پارێزگاکانی بەسرە، کەرکووک، ئەنبار و نەینەوا، تیمەکان هەشت کەسیان دەستگیر کرد کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بەپێی مادەی چواری تیرۆر هەبووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە؛ دەستگیراوە بەسەر دوو کۆگەی چەک و تەقەمەنیی داعش لە ناحیەی یوسفییە لە باشووری بەغدا و بیابانی رەزازە لە پاێزگای ئەنبار، کە یەک کیلۆگرام مادەی TNTـیان تێدا بووە، جگە لە 16 مووشەک و 100 کۆنترۆڵی تەقاندنەوە و 17 نارنجۆک و سێ کیلۆگرام مادەی C4.
 
بەپێی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، تۆمەتبارەکان رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێیکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە