رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشێک لە عەرەب و تورکمانە شیعەکان، عەرەب 19 پۆست و تورکمان 18 پۆستیان لە حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک بەردەکەوێت.
غەریب عەسکەر، پەرلەمانتاری تورکمان کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا ئامادەبوو، لەبارەی شایستەی تورکمان لە پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا داوای چەسپاندنی مافەکانی تورکمانمان لە پۆستە سیادی و کارگێڕییەکان بەپێی رێککەوتنی سەرکردە سیاسییەکانی نوێنەرانی پێکهاتەکانی کەرکووک کرد."
غەریب عەسکەر دەڵێت، نەتەوەی تورکمان لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک 18 پۆست وەردەگرێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "کار لەسەر شایستەی دیکەش دەکەین."
ئەو پۆستانەی بۆ نەتەوەی تورکمان لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک دانراون ئەمانەن:
1- جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
2- جێگری پارێزگار
3- یاریدەدەری پارێزگار
4- راوێژکاری پارێزگار (دوو راوێژکار)
5- راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگار
6- یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک
7- بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکووک
8- بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکووک
9- بەڕێوەبەری رێگەوبانی کەرکووک
10- بەڕێوەبەری ئاوی کەرکووک
11- یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی کەرکووک
12- یاریدەدەری شارەوانییەکانی کەرکووک
13- قایمقامی ناوەندیی کەرکووک
14- بەڕێوەبەری ناحیەی یایچی
15- بەڕێوەبەری ناحیەی تازە
16- بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان
17- سکرتێری لیژنەی ئەمنی
18- بەڕێوەبەری ژینگەی کەرکووک
لە هەمان کاتدا عەرەبیش ئەم پۆستانەی خوارەوە وەردەگرێت:
1- فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک
2- یاریدەدەری پارێزگار (دوو کەس)
3- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک
4- بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی کەرکووک
5- قایمقامی قەزای داقووق
6- راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا (دوو کەس)
7- بەڕێوەبەری ناحیەی ریاز
8- بەڕێوەبەری ناحیەی رەشاد
9- بەڕێوەبەری ناحیەی عەباسی
10- بەڕێوەبەری ناحیەی زاب
11- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی کارەبا
12- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی داد
13- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی بازرگانی
14- بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی نیشتەجێکردن
15- بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
16- بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف
17- بەڕێوەبەرایەتی ژینگە-ناوچەی باکوور
18- بەڕێوەبەری چاودێری دارایی و وردبینی لە دیوانی پارێزگای کەرکووک
19- بەڕێوەبەری رەگەزنامە و باری شارستانی
بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پۆستەکانی بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئیدارەی پارێزگا بە بەتاڵی دەهێڵرێنەوە تاوەکو ئەوکاتەی دەچنە نێو دانووستاندنەکانەوە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتی 29 هەزار و 861 دەنگی بەدەستهێنابوو، هەروەها محەممەد حافز 8 هەزار و 666 دەنگی بەدەستهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ