راکان جبووری: ناپاکیمان بەرامبەر کرا

11-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راکان جبووری دەڵێت، کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نایاسایی بووە و رێکاری یاسایی دەگرنەبەر؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ناپاکیمان بەرامبەر کرا". 
 
شەوی رابردوو، 9 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە پێکهاتبوون لە 5 ئەندامی یەکێتی، ئەندامێکی کریستیان و 3 ئەندامی عەرەب لە بەغدا کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پارێزگار و محەممەد حافز لە نەتەوەی عەرەب بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
راکان جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هاوپەیمانیی عەرەبی لەبارەی کۆبوونەوەکە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە. 
 
راکان جبووری پەیامەکەی زیاتر رووی لە عەرەبی کەرکووکە و دەڵێت، "8 مانگە هەوڵ دەدەین شایستەی خۆمان بەدەستبهێنن و سازشمان نەکردووە. ئەوەی کرا 8 مانگ لەمەوبەریش پێشکێشمان کرا. دەستکەوتەکان کە بە خوێن و قوربانی بەدیهاتوون، بە دەستکەوتی کەسی بەخشران". 
 
ئەو ئەندامە عەرەبانەی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون بریتین لە رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهر عاسی.
 
راکان جبووری دەڵێت، "ئەو دانیشتنەی کە تێیدا شایستەی خەڵکەکەمان لەلایەن بەشێک لە نوێنەرەکانییەوە دزرا، بە رێگەیەکی یاسایی نەکراوە و داواکاریی ئامادەکارییش پێشکێش بە سەرۆکی بەتەمەن نەکراوە، بەڵکو یەک لیست لە رۆژی پشوودا داوای کۆبوونەوەی کردووە".
 
راکان جبووری دەڵێ، شوێنێک بۆ کۆبوونەوە لە دەرەوەی پارێزگاکە دەستنیشانکرا، لەکاتێکدا هیچ رێگرییەکی ئەمنی و یاسایی نەبوو کە دانیشتنەکە لە پارێزگای کەرکووک بکرێ، هەروەک چۆن دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگا کرا. 
 
باس لەوەش دەکات، تورکمان وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە شارەکەدا پەراوێزخراوە، ئەوە لە کاتێکدایە نابێ هیچ حکومەتێک بێ ئەوان پێکبهێندرێت. 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دەڵێت،"دوو کاژێر پێش کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشمان بڵاوکردەوە و هەمووان بەڵێنیاندا بێ سازانی هەموو ئەندامان، بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک نەکەن. بەشداریکردنیان ناپاکییە لە خەڵکەکە و خوێنی شەهیدانیان. هەمووان سەریان سووڕما، کاتێک زانرا ئەوان رێککەوتنی شاراوەیان بێ ئاگادارکردنەوە کردووە".

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".