رووداو دیجیتاڵ
هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی گەشتیاران لە شوێنە مەترسیدارەکان دەستیپێکردووە و بەرگریی شارستانی دەیەوێت بەشێک لە شوێنە مەترسیدارەکان تەلبەند بکات. ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 61 هاونیشتمانی لە رووبار و دەریاچەکاندا خنکاون.
هاونیشمانییان لە پلەی گەرمیی سەروو 45ی سیلیزیدا، روو لە ئاوی چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. رووبارەکانی سنووری سۆران جمەیان دێت لەو هاونیشتمانیانەی رۆژانە لە گەرمای نیوەڕۆ تا درەنگانی ئێوارە دەمێننەوە. گەورە و بچووک، شارەزا و ناشارەزا هەمویان لەوێ مەلەوانی دەکەن. گەرمای تاقەت پروکێن، پیسی ئاوەکە و مەترسیەکانی رووبارەکەی بیر بردوونەتەوە.
رائید عەلی، یەكێکە لەو هاونیشتیمانیانەی بۆ مەلەکردن رووی لەو رووبارانە کردووە و دەڵێت، "چەندین کەس لەو رووبارەدا خنکاون. مەترسیی هەیە، ئێمە لەو شوێنەی تابلۆکانی لێبوو جێمان هێشت و هاتینە ئێرە، کە شوێنێکی گونجاوە بۆ مەلەوانی و مەلەوانیمان کرد."
ئەو رووبارانەی هاونیشتمانیان رووی تێدەکەن تیژڕۆ و مەترسیدارن. گەشتیارانیش زۆرتر بەهۆی ناشارەزاییان لەو رووبارانە دەبنە قوربانی.
حکومەت تیمی بەهاناوەچوونی پێکهێناوە و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەیان دەستپێکردووە.
عەباس ئەمیر، ئەندامی تیمێکی بەهاناوەچوونە و دەڵێت، "هەستاین بە هۆشیارکردنەوەی ئەو کەسانەی کە سەردانی ئێرە دەکەن بۆ ئەوەی گیان و ماڵیان پارێزراو بێت لە هەلدێران و لە خنکان و ئەو هۆکارانەی دەبنە زیان پێگەیشتنیان."
نە هێماکانی ئاگادارکردنەوە، نە رووداوە کارەساتبارەکانی خنکان لەو رووبارانە چارەسەری بنەڕەتی نەبوون، هەنگاوی داهاتووی بەرگریی شارستانی، گرتن و تەلبەندکردنی رووبارەکانە.
رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران دەڵێت، داواکراوە ئەو شوێنانەی کە زۆر مەترسیدارن دەرخستەیان بۆ بکەین چ لەڕێگەی تەلبەندکردن یان سیمکردن رێگای پێگەیشتنیان دابخەین و رێگری بکەین لە چوونی هاونیشتمانیان بۆ ئەو شوێنانە."
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لە هەرێمی کوردستان 61 هاونیشتیمانی لە چەم، رووبار و دەریاچەکاندا خنکاون کە چوار لەو خنکاوانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ