پارێزگاری ورمێ: پێویستمان بە 17 هەزار پۆلی نوێی خوێندن هەیە

11-08-2023
سینا سۆما
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

پارێزگاری ورمێ دەڵێت، لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایە قوتابخانە و پێداویستیی خوێندن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ دابەش نەکراوە و دەبێت ئەم رێکارە بگۆڕدرێت. دەشڵێت، پێویستیان بە 17 هەزار پۆلی نویی خوێندن هەیە.
 
محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری پەروەردە و فێرکردنی ئێران کە لە شاری ورمێ بەڕێوەچوو، باسی کێشەکانی سێکتەری پەروەردەی لەو پارێزگایە کرد و گوتی، لەو بوارەدا کێشەی جیددیان هەیە و بۆ نەهێشتنی کەموکورتییەکان و باشترکردنی دۆخی پەروەردە لە سنووری ئەو پارێزگایە، پێویستی بە ئاوڕدانەوەیەکی جیددی هەیە.
 
موعتەمیدیان رایگەیاند، رووبەری پەروەردەیی لە بەشێک لە شارەکانی پارێزگاکە تەنانەت لە تێکڕای پارێزگاکەش کەمترە و لە هەندێک شوێن تەنیا نزیکەی 4.2 مەتر چوارگۆشەیە.
 
پارێزگاری ورمێ باسی لەوەش کرد، بۆ ئەوەی پارێزگاکەی لە رووی رووبەری پەروەردەییەوە بگاتە ئاستی تێکڕای ئێران، پێویستیی بە 5 هەزار پۆلی خوێندن هەیە.
 
سەبارەت بە بارودۆخی پەروەردە لە شاری ورمێیش، پارێزگاری شارەکە گوتی، لەو شارەدا هێشتاش هەندێک قوتابخانە سێ دەوامییان تێدا دەکرێت و ئەوان هەوڵدەدەن بە دابینکردنی کابینە بەشێکی کێشەکە چارەسەر بکەن.
 
محەمەد سادق موعتەمیدیان پێیوایە کێشەکانی سێکتەری پەروەردە لە پارێزگای ورمێ بە رادەیەک گەورەن، کە دەبێ وەزارەتی پەروەردەی ئێران ئاوڕدانەوەیەکی جیددی بکات و لە ئاستی نیشتمانیدا هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بدرێت.
 
موعتەمیدیان گوتی، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە سەردانیدا بۆ پاریزگای ورمێ دوو هەزار و 300 ملیار تمەنی بۆ کەرتی پەروەردەی پارێزگاکە تەرخانکرد، کە تائێستا تەنیا 700 ملیار تمەنی خەرجکراوە، هەروەها لە دوای بوومەلەرزەکەی شاری خۆی، بڕی 240 ملیار تمەن بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی ئەو شارە تەرخانکراوە.
 
وەزیری پەروەردە و فێرکردنی ئێران دوێنی سەردانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و لەو شارەدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگاکە کۆبووەوە. هەروەها وەزیری پەروەردەی ئێران سەردانی گوندی بادکێی کرد کە ئێستا بووەتە بەشێکی شاری ورمێ و لەوێ بەشداری لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی قوتابخانەیەکی 24 پۆلیدا کرد.
 
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا کە میدیای فەرمیی حکومەتی ئێرانە، گوندی بادکێ ناوچەیەکی هەژارنشینی قەراخ شاری ورمێیە کە 15 هەزار کەس لێی دەژین و 2500 کەسیان خوێندکارن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلی بەرپرسەکەی پارتی لەدوای تەقینەوەی.

وردەکاریی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی لە گەرمیان؛ 'تیرۆریستی بووە'

ئەمڕۆ دووشەممە کاژێر 9:23 بەیانی لە پێش ماڵی خۆیان لە گەڕەکی جووتیاران لە کەلار، چەند چرکەیەک لە دوای ئەوەی خۆی و یاوەرەکانی سواری ئۆتۆمبێلەکە دەبن، ئۆتۆمبی بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان دەتەقێتەوە و سکرتێر و شۆفێرەکەی بریندار دەبن.