کەشناسیی هەرێمی کوردستان: ئەمڕۆ گەرمترین رۆژی ئەم ساڵە

11-08-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ گەرمترین رۆژی ساڵی 2023 بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سبەی پلەی گەرما نزیکەی 2 پلە دادەبەزێت.
 
رۆژی هەینی، 11ـی ئابی 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ بە گەرمترین رۆژی ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا دادەنرێت، بەتایبەت لە گەرمیان، هەولێر و کەرکووک و دەوروبەریان".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەممە، کەشناسی دەڵێت، سبەی شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک؛ پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ، یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەگەر یەک دوو پلەش پلەی گەرما دابەزێت، ئەوا بەهۆی بەرزیی شێ-وە تاوەکو 14ـی ئاب گەرمای تاقەتپڕوکێن بەردەوام دەبێت. دواتر ئەم گەرما بەتینە نامێنێت".
 
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشکرد، لە 26ـی ئابەوە پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و هەست بە گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا دەکرێت و 29ـی مانگی داهاتووش وەرزی گەرما کۆتایی دێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
- هەولێر؛ 46 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 44 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 45  پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 48 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 46 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 46 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 49  پلەی سیلیزی
- حاجی ئۆمەران؛ 34 پلەی سیلیزی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە