وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لینکی نوێ بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتنی شوقە بڵاودەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەم دەرامەتەکان، لینکی پێشوویان لابردووە و لینکێکی نوێیان داناوە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، ئەوانەی پێشتر فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە، پێویست ناکات دووبارەی بکەنەوە.
 
بۆ پڕکردنەوەی فۆرم کلیک لەسەر یەکێک لەم سێ بەستەرەی خوارەوە بکە:
 
- ئەم بەستەرە بکەرەوە
 
- دەتوانن لەم بەستەرەش ناوتان تۆمار بکەن
 
- ئەم بەستەرەش بەکاربهێنە
 
ئەمڕۆ هەینی، 11ـی ئابی 2023، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەم دەرامەتەکان، لینکی پێشوویان لابردووە و لینکێکی نوێیان داناوە. لەو بارەیەوە مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوانەی پێشتر فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە، ناویان چووەتە نێو سیستمەوە و پێویست ناکات جارێکی دیکە فۆرم پڕبکەنەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری گۆڕانکاری لە لینکەکەدا ئەوە بووە گوشارێکی زۆر لەسەر سیستمەکە هەبووە و هاونیشتمانییان نەیانتوانیوە بە ئاسانی فۆرمەکە پڕبکەنەوە. 
 
8ـی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەم دەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، لە ئەمڕۆوە دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە".
 
هەمان رۆژ، توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکەکان 9 هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە)ن و بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و بەرەو خوارتر تەواوبووە، تاوەکو دەگاتە 13%. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی، نرخ جیایە و بەگوێرەی پڕۆژەکانە، بەڵام هیچیان پێشەکییان نییە و ئەو پارەیەی بۆ نرخی شوقەکە دادەنرێت دابەشی سەر 300 مانگ دەکرێت؛ بۆ نموونە، ئەگەر شوقەیەک نرخەکەی 30 هەزار دۆلار (3 دەفتەر) بێت، ئەو کەسەی وەری دەگرێت مانگانە 100 دۆلار قیستی لێ وەردەگیرێت.
 
بەگوێرەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، پڕکردنەوەی فۆرمەکە تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
 
ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەم دەرامەتان دروست دەکرێت و بە قیست و پێشەکی کەم بەسەریاندا دابەش دەکرێت. ئەوەی ئێستا فۆرمی بۆ پڕدەکرێتەوە، پەیوەندی بەو 20 هەزار یەکەیەوە نییە و ساڵانی رابردوو کار لە هەموویاندا کراوە و دواتر کارکردن تێیاندا راگیراوە.