لە شنگال رێکخراوێک پاڵپشتیی دارایی پڕۆژەی 150 گەنج دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی هێرشی داعشەوە بۆسەر شنگال، 85٪ـی ژێرخانی شارەکە وێرانبووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە هەشت ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە شنگال تێپەڕی و تاوەکو ئێستا دۆخی شارەکە وەکو خۆیەتی و بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاری، نەبوونی هەلیکار و ئارامی، بەشی زۆری دانیشتووانی شارەکە ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
 
حەسەن موراد، مامۆستای وانەبێژ بە رووداوی گوت، "دامەزراندن لە لایەن حکومەتەوە زۆر کەمە، من خۆم مامۆستام و لە قوتابخانە دەوام دەکەم، لە ساڵی 2018ـەوە بێ بەرامبەر وانە دەڵێمەوە و تاوەکو ئێستا دانەمەزراوم، بەڕاستی لە لایەن حکومەتەوە هیچمان بۆ نەکراوە، بەڵام رێکخراوەکان لە شنگال زۆر باش کار دەکەن و هەلیکاری زۆیان دابینکردووە."
 
رێکخراوی HRF لە شنگال ئیڤێنتێکی بۆ هاوکاریکردنی بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە رێکخست، پێشتریش هاوکارییان پێشکێشی 100 دانیشتووی شارەکە کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان هەبێت. 
 
لەیلا عەلی، تەمەنی 29 ساڵە و دانیشتووی کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدرە لە شنگال، ئەو یەکێکە لەو کەسانەی کە بەهاوکاریی رێخراوەکە بووەتە خاوەنی پڕۆژەیەکی تایبەت بەخۆی و لەو رێگەیەوە بژێویی ژیانی دابین دەکات.
 
لەیلا عەلی، کاسبکار دەڵێت، "لە سفرەوە دەستم بە پڕۆژەکەم کرد. رێکخراوی HRF هاوکاریی منیان کرد، لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە فۆرمیان بڵاوکردبووەوە و منیش لەو رێگەیەوە پڕمکردەوە، سوپاس بۆ خوا پڕۆژەکەم لە لایەن رێکخراوەکەوە قبوڵ کرا. پێشتریش ئەم پڕۆژەیەم لە خەیاڵ بوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ پاڵپشتییەک نەمتوانی جێبەجێی بکەم، بەڵام دوای ئەوەی کە ئەم رێکخراوە هاوکاریی منیان کرد، توانیم پڕۆژەکەم دەستپێبکەم و سوپاسیان دەکەم."
 
پڕۆژەی رێکخراوی HRF بۆ ئەو کچ و کوڕانەی کوردانی ئێزدییە کە بێکارن و دەیانەوێ لەو رێگەیەوە ببنە خاوەن پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان و، ئەوان پاڵپشتیی دارایی پڕۆژەکانیان دەکەن.
 
عەلی نەعمێ، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە باس لەوە دەکات، "پڕۆژەکەمان تایبەتە بەو کەسانەی کە بەنیازی پڕۆژەی بچووکن لە شنگال و سنوونێ، سێ هەزار و 200 کەس پڕۆژەیان پێشکێش کردووە، ئێمە 150 پڕۆژەمان قبوڵ کردووە و هەریەکێک لەوان بەبڕێک پارە هاوکاریمان کردوون بۆ ئەوەی پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن، هەروەها پڕۆژەی جیا جیا پێشکێش کرابوون، لەوانە؛ کردنەوەی دووکان، مارکێت و بەخێوکردنی ئاژەڵ."
 
لە دوای رزگارکردنی شنگال، بەهۆی نالەباریی دۆخی ئەمنی و کەمتەرخەمیی حکومەت لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، تاوەکو ئێستا زیاتر 65٪ـی دانیشتووانی شنگال ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە، بەهۆی ئاوەداننەکردنەوەی شارەکە و نەگەڕانەوەی خەڵک، دەستخستنی کار لە شارەکە ئەستەمە و خەڵک چاویان لە دەستی رێکخراوەکانە تاوەکو هاوکاریی داراییان پێشکێش بکەن.