پێشـمەرگەی رۆژهەڵات پشتیوانی لە گشتپرسی دەکەن

رووداو - کوردستان

پرسی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان باسێکی گەرمی پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە ناوچە سنوورییەکان. ئەوان دەڵێن هەرچەندە مافی دەنگدانیان نییە و ناتوانن لە پرۆسەکەدا بەشدار بن، بەڵام ئامادەن لەبەرامبەر هەڕەشەکاندا، پشتگیری باشووری کوردستان بکەن. 

خاڵە سۆفی لە 64 ساڵی تەمەیدا 43 ساڵی بە پێشمەرگایەتی بەخشیوە، ئەو بە ئەزموونێکی کەڵەکەبووەوە رێنوێنی پێشمەرگە گەنجەکان دەکات، تاوەکو بە سنوورەکان ئاشنا بن، سنوورێک کە خەریکە لە بەشێکیدا، گشتپرسی بۆ سەربەخۆی ئەنجام دەدرێت.

سۆفی ئەحمەد سادقپوور، پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) دەڵێ: ئێمە ناتوانین دەنگ بدەین، بەڵام بێگومان هەرچێک کە لە دەستماندا بێت درێخی ناکەین بۆ سەرکەوتنی، چونکە خەباتی لەمێژینەی ئێمەش هەر بۆ رۆژێکی وایە.

پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات لە لایێک چاودێری سنوورەکانن، بە لوولەی تفەنگەکانیشیان روویان لە جوڵەی نەیارانیانە، لە لایەکی دیکەش باس و خواسیان گشتپرسی باشووری کوردستانە.

عەلی رەزا ئیلامی، پێشمەرگەی حدک دەڵێ "من کوردێکی ئیلامم، شارەکەم دوورترین ناوچەی کوردستانە. دەمەوێت بە شێوەزاری کەلهووری بە هەموو خەڵک بڵێم بە ئەنجامدانی گشتپرسی لەو بەشەی کوردستان، خەریکە بەشێک لە ماندووبوونی باوک و باپیرانمان بەدی دێت.

پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رای روونی خۆیان لەسەر گشتپرسییەکەی باشووری کوردستان راگەیاندووە و پشگیری لێدەکەن، نەیارەکەشیان کە ئێرانە، هەرزوو دژایەتی بۆ گشتپرسیەکە راگەیاندووە، چونکە پێی وایە دەبێتە مۆدێلێک بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان.

خالید وەنەوشە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدک دەڵێ "داواکردنی ماف، هەقێکی شەرعی خۆمانە، دەبێت ئێمە هەمیشە لە بیری ئەوەدا بین، کە هیچ کەسێک ئەو مافەمان لە خۆڕا پێنادات، بەڵکو دەبێت خۆمان هەوڵی بۆ بدەین و، وەدەستی بخەین. بێگومان خەبات و تیکۆشانی ئێمەش بۆ گەیشتن بە هەمان رۆژە".

   

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار