پێش کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەرکردەیەکی عەرەب لە پارتەکەی کشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پرۆژەی عەرەبی لە کەرکووک لەو پارتە دەکشێتەوە، و دەڵێت "دەستلەکارکێشانەوەم هۆکاری زۆرە."
چەند کاژێرێکی کەم پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رەعد سامی ئەلعاسی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی "پڕۆژەی عەرەبی" کە بەشێکە لە هاوپەیمانی "سەروەری" بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، لەو دوو لایەنە سیاسییە کشایەوە.
رەعد سامی ئەلعاسی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند "لە هاوپەیمانی سەروەری و پڕۆژەی عەرەبی دەکشێمەوە، بەبێ ئەو حیزبانە خزمەتی کەسوکارەکەم دەکەم، ناونیشانم رەعد سامی ئەلعاسی دەبێت."
کشانەوەی ئەو بەرپرسە کە بەرپرسی لیژنەی هونەریی جێبەجێکردنی مادەی 140ـیشە لە کەرکووک، دوای چەند کاژێرێکی کەم دێت لە سوێندخواردنی راکان جبووری، وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کشانەوەی ئەو ئەندامە بۆ ناکۆکییەکانی نێو ئەندامانی عەرەبی ئەنجوومەنەکە و بەتایبەت هاوپەیمانیی سەروەری و پڕۆژەی عەرەبی دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لەبارەی پۆستی پارێزگاری داهاتووی کەرکووک و دانوستاندنەکان بۆ ئەو بابەتە.
رەعد سامی ئەلعاسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کشانەوەکەم هۆکاری زۆرە، یەکێک لەوانە ئەوەیە خەڵک کە دەنگیان بە ئێمە داوە، پڕۆژەیان دەوێت، خزمەتگوزارییان دەوێت. ئێمە نامانەوێت خۆمان لەلای خەڵک شەرمەزار بکەین. ئێمە ناو و ناوبانگمان هەیە، بۆیە ئەوە ناکرێت، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە ئێمە نابێت دووربین لە سەنتەری بڕیار."
پڕۆژەی عەرەبی لە کەرکووک، پارتێکی سیاسییە و لەلایەن جەمال زاری، کەسایەتیی سوننەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بەشێکە لە هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، هاوپەیمانیێتییەکە سێ کورسیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەیە، راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی پێشووی کەرکووک یەکێکیانە.
نازم شممەری، ئەمینداری گشتیی دەستەی رای عەرەبی لە کەرکووک، کشانەوەی ئەو سەرکردەیە لە پڕۆژەی عەرەبی لە کەرکووک، بە کاردانەوە ناودەبات و دەڵێت "کاریگەریی لەسەر دەنگی عەرەبەکانی کەرکووک دەبێت، پێموابێت بەهۆی بەشداریپێنەکردنی لە دانوستاندنەکانی پەیوەست بە حکومەتی خۆجێی کەرکووک، کشاوەتەوە."
ئەو سەرکردەی عەرەبەکانی کەرکووک باسی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی کرد و گوتی " هیچ هەڵبژاردنێکی تێدا ناکرێت و دەبێت لەماوەی یەک مانگدا ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە، لەسەروویانەوە پۆستی پارێزگار."
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دوای 10 ساڵ و لە کەرکووکیش دوای 18 ساڵ کرا.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسیی هەیە، 15ـی گشتی و یەک کۆتای پێکهاتەی کریستیان، کە بەمشێوەیە دابەشبووە:
- یهكێتیی نیشتمانیی کوردستان: 5 كورسی
- هاوپهیمانیی عهرهبی: 3 كورسی
- بهرهی توركمانی عێراق: 2 كورسی
- پارتی دیموكراتی كوردستان: 2 كورسی
- هاوپەیمانی قیاده؛ 2 كورسی
- هاوپەیمانی عرووبه: 1 كورسی
- بزووتنەوەی بابلیوون: 1 كوسی، کۆتای مهسیحی
بڕیارە کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 11ـی تەممووز) یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بکرێت، دواى ئەوەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە ئەندامانى ئەنجوومەنەکە کرد کۆببنەوە.