ماڵپەڕی وێبۆمێتریکس: زانکۆی سلێمانی لە بەکار‌هێنانەوەی لێکۆڵینەوەکانی یەکەمی کوردستانە

رووداو دیجیتاڵ 

ماڵپەڕی وێبۆمێتریکس نوێترین ریزبەندی زانکۆکانی بە گوێرەی زۆرترین سایتەیشن، واتا بەکارهێنانەوەی لێکۆڵینەوەی ئەو زانکۆیانە وەکو سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی دیکە، بڵاوکردەوە؛ لەو ریزبەندییەدا، زانکۆی سلێمانی پێشەنگی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانە؛ لەسەر ئاستی عێراقیش زانکۆی بەغدا یەکەمە. 
 
ماڵپەڕی وێبۆمێتریکس نوێترین ریزبەندی زانکۆکانی بە گوێرەی زۆرترین سایتەیشن (ترانسپارێنت رانکینگ) بۆ مانگی تەممووزی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە. سایتەیشن واتا لێکۆڵەرێک توێژینەوەیەک بکات و کەسێکی دیکە توێژینەوەکەی ئەو کەسە وەکو سەرچاوە بۆ توێژینەوەکەی بەکاربهێنێت، ئەو کات لێکۆڵەرەکە سایتەیشنێک وەردەگرێت. 
 
لەو ریزبەندییەدا زانکۆی سلێمانی بە 82 هەزار و 758 سایتەیشن بە یەکەم زانکۆی هەرێمی کوردستان دانراوە؛ زانکۆی سەڵاحەدین بە 62 هەزار و 115 سایتەیشن و زانکۆی دهۆکیش بە 42 هەزار و 476 سایتەیشن دووەم و سێیەمی هەرێمی کوردستانن. 
 
لەم ریزبەندییەدا ماڵپەڕەکە سایتەیشنی 20 توێژەری یەکەمی زانکۆکان کە زۆرترین سایتەیشنیان هەیە هەژمار نەکردووە. هەروەها، سایتەیشنی ئەو توێژەرانەی زانکۆکانیشی هەژمارنەکردووە کە لەسەروو پلەی 310ـەوەن لەسەر ئاستی زانکۆکانیان؛ واتا لە 21ـەم توێژەر کە زۆرترین سایتەیشنیان هەیە، هەژمارکراوە تاوەکو 310ـەیەم توێژەر کە زۆرترین توێژینەوەیان کردووە. 
 
10 زانکۆ پێشەنگەکەی کوردستان لە رووی زۆری ژمارەی سایتەیشنەوە بەم جۆرەیە:
 
زانکۆی سلێمانی: 82،758 سایتەیشن 
زانکۆی سەڵاحەدین: 62،115 سایتەیشن 
زانکۆی دهۆک: 42،476 سایتەیشن 
زانکۆی تیشک: 27،316 سایتەیشن 
زانکۆی هەولێری پزیشکی: 20،354 سایتەیشن 
زانکۆی پۆلتەکنیکی هەولێر: 16،427 سایتەیشن 
زانکۆی سۆران: 14،006 سایتەیشن 
زانکۆی پۆلتەکنیکی سلێمانی: 13،999 سایتەیشن 
زانکۆی کۆیە: 13،009 سایتەیشن 
زانکۆی پۆلتەکنیکی دهۆک: 10،807 سایتەیشن. 
 
لەو پلەبەندییەی ماڵپەڕەکەدا ئەوەش هاتووە، زانکۆی بەغدا لەسەر ئاستی عێراق بە 174 هەزار و 332 سایتەیشن پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. زانکۆی موستەنسریە بە 91 هەزار و 302 سایتەیشن و زانکۆی موسڵیش بە 90 هەزار و 741 سایتەیشن پلەکانی دووەم و سێیەمیان بەدەستهێناوە. 
 
10 زانکۆ پێشەنگەکەی عێراق و هەرێمی کوردستان و  ژمارەی سایتەیشنەکانیان:
 
زانکۆی بەغداد: 174،332 سایتەیشن
زانکۆی موستەنسریە: 91،302 سایتەیشن
زانکۆی موسڵ: 90،741 سایتەیشن
زانکۆی سلێمانی: 82،758 سایتەیشن
زانکۆی ئەنبار: 72،041 سایتەیشن 
زانکۆی سەڵاحەدین: 62،115 سایتەیشن 
زانکۆی کوفە: 58،678 سایتەیشن 
زانکۆی تکریت: 51،567 سایتەیشن 
زانکۆی دیالە: 48،585 سایتەیشن 
زانکۆی کەربەلا: 47،863 سایتەیشن 
 
ئەو زانکۆیانەی ژمارەی سایتەیشنی گشتییان کەمتر بووە لە هەزار سایتەیشن لەنێو ریزبەندییەکەدا پۆلێن نەکراون. بەمە بە کۆی گشتی لەسەر ئاستی جیهان 6،016 زانکۆ و لەسەر ئاستی عێراق 61 زانکۆ توانیویانە بەشداریی ریزبەدییەکە بکەن 20 زانکۆیان لە هەرێمی کوردستانن. 
 
لەسەر ئاستی جیهانیش سێ زانکۆ و پەیمانگای ئەمریکا پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە. زانکۆی هارڤارد بە 28 ملیۆن و 498 هەزار و 300 سایتەیشن، زانکۆی ستانفۆرد بە 23 ملیۆن و 571 هەزار و 279 سایتەیشن و پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساچوستس بە 15 ملیۆن و 679 هەزار و 537 سایتەیشن لە پێشەوەی زانکۆکانی جیهان دێن. 
 
10 زانکۆ پێشەنگەکەی جیهان:
 
زانکۆی هارڤارد: 28،498،300 سایتەیشن، ئەمریکا
زانکۆی ستانفۆرد: 23،571،279 سایتەیشن، ئەمریکا 
پەیمانگای ماساچوستس: 15،679،537 سایتەیشن، ئەمریکا
زانکۆی کالیفۆرنیا بێرکەلی: 15،400،385 سایتەیشن، ئەمریکا 
زانکۆی ئۆکسفۆرد: 14،545،712 سایتەیشن، بەریتانیا
زانکۆی کامبریج: 13،739،622 سایتەیشن،  بەریتانیا 
زانکۆی کۆڵۆمبیا: 13،393،261 سایتەیشن، ئەمریکا 
زانکۆی کالیفۆرنیا لۆس ئەنجلس: 13،291،138 سایتەیشن، ئەمریکا 
زانکۆی کۆلێژی لەندەن: 13،241،210 سایتەیشن، بەریتانیا 
زانکۆی کالیفۆرنیا سان دیێگۆ: 12،982،989 سایتەیشن، ئەمریکا