بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر چاککرایەوە؛ ئاو دەدرێتەوە بە ماڵان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر دوای شکانی لە ماوەی کەمتر لە 12 کاژێر چاککرایەوە و لە نزیکترین کاتدا ئاو دەدرێتەوە بەو ماڵانەی بەهۆی شکانی بێ ئاو بوون.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 11-07-2024 رایگەیاند: "دوای شکانی بۆریی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر، لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێردا، بۆرییەکە چاكکرایەوە و وێستگەکە کەوتەوەکار."
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەداوە: "لە نزیکترین کاتدا ئاوی خواردنەوە دەگاتەوە ئەو ماڵانەی بەهۆی شکانی بۆرییەکەوە کێشەی کەمئاوییان بۆ دروست ببوو."
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنووری هەولێر دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە.
دوێنێ چوارشەممە، 10-07-2024، ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆرییەکە لە کاژێر 11:40ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری عەنکاوە شکا".
ساڵانە بە هۆکاری جیاواز بۆرییەکانی ئیفراز دەشکێن. هیوا عەبدولڕەزاق دەڵێت، ئەو شوێنەی بۆرییەکە شكاوە لەو پارچانە نییە پێشتر گۆڕدراوە و لەسەر زەویشەوە شکاوە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بەئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.