پۆلیسی هەولێر "12 مامەڵەکاری چەک" دەستگیر دەکات

11-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، 12 کەسیان دەستگیرکردووە کە بەشێوەیەکی نایاسایی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی چەکیان کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا، ئەمشەوی پێنجشەممە دەڵێت، "لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستمان بەسەر چەندین پارچە چەک و تەقەمەنیدا گرت و 12 تۆمەتباریشمان دەستگیر کرد".
 
پۆلیس باسی لەوە کردووە، "دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە ئاگادار کراینەوە کە لە شوێنێکی شاری هەولێر بە شێوەیەکی نایاسایی مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی چەکەوە دەکرێت، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پۆلیسی هەولێر لەپاش کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنەکە، بە بڕیاری دادوەر ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە.
 
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، "توانیمان دەست بەسەر چەندین جۆر پارچە چەکدا بگرین، لەوانە یەک نیشانەشکێن (قەناس)، 18 دەمانچە، نۆ کڵاشینکۆڤ، 174 مەخزەنی چەک و زیاتر لە شەش هەزار فیشەکی جۆراوجۆر لەگەڵ چەندین کەلوپەلی سەربازی و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل.
 
ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون، بەگوتەی پۆلیس بەپێی مادەی 15ـی چەک دراونەتە دادگە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە