کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجامی نەبوو؛ رێککەوتنی سیاسی نەکراوە

11-07-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەسەر داوای سوودانی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتوون بۆ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوە.
 
کاژێر 01:00ـی دوانیوەڕۆ کاتی دیاریکراو بوو بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بەڵام کاتی زۆر تێپەڕی و یەکێتی بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد و رێژەی بەشداری تەواو نەکرا.
 
دوای مشتومڕی زۆر، لایەنەکان رێککەوتن کۆبوونەوەی ئەنجوومەن کراوە بێت و لە ماوەی 30 رۆژدا ئیدارەی نوێ پێکبهێندرێت.
 
چوار کاژێر دوای کاتی دیاریکراو، کۆبوونەوەکە بە بەشداری هەر 16 ئەندامەکە بۆ ماوەی تەنیا 10 خولەک ئەنجامدرا.
 
راکان جبووری وەک بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد کە هاوکات هەمان رۆژ لە بینای پارێزگاش دەوامی کرد و بە پۆستی پارێزگاری بەوەکالەت واژۆی لەسەر نووسراوەکان کردبوو. 
 
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لە بەرامبەر دۆخێکی مەترسیدارداین لە پارێزگای کەرکووک. هیچ دواخستنێکمان ناوێ، کۆبوونەوەکە هەڵگیرا تا رێکارە یاساییەکان تەواو دەکرێت، کۆبوونەوەیەکی دیکە رێکبخرێت لە نزیکترن کات دوای رێککەوتنی نەتەوەکان".
 

شێخ وەسفی عاسی، سەرۆکی هاوپەیمانی عروبە گوتی، "دانیشتنەکە یاسایی و شەرعییە، دەرفەتت دەدا لێکتێگەیشتن و دانوستاندن لەنێوان لایەنەکان بکرێت، تا دەگەنە بڕیارێک لە بەرژەوەندی هەمووان".
 
کورد پێداگرە لەوەی پۆستی پارێزگار بەدەستبهێنێت، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، میکانیزمی دەستاودەستپێکردنی پۆستەکان نزیکترین سیناریۆیە تا لایەنەکان لەسەری رێکبکەون.
 
بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوە، لایەنەکان بەڵێننامەیەکیان پڕکردووەتەوە و بە مەرج بەشدارییان کرد.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە دابەشکردنی پۆستەکاندا، جگە لە سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگار و جێگرەکەی سەرجەم پۆستە باڵاکانی دیکە بە یەک پاکێج یەکلایی دەکرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە