بەهۆی گەرما ئەمڕۆ لە کەرکووک پشووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لە دامودەزگاکانی حکومەت لە پارێزگای کەرکووک پشووی فەرمی دەبێت، پشووەکە سێ دامەزراوە ناگرێتەوە.
پارێزگای کەرکووک درەنگی شەوی چوارشەممە، 10ـی تەممووز رایگەیاند "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بڕیاردرا رۆژی پێنجشەممە، 11ـی تەمووز لە سەرجەم دامەزراوەکانی پارێزگای کەرکووک پشووی فەرمی بێت، پشووەکە فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا و زانکۆی کەرکووک ناگرێتەوە."
پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە فەرمانگەکانی خزمەتگوزاری بەردەوام دەبن لە کار و ئەرکەکانیان بەپێی خشتەی کارەکانیان لەکاتی پشوو.
بە کەرکووکەوە، ئەمڕۆ لە 11 پارێزگای عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کراوەتە پشوو.
حکومەتی عێراق دەسەڵاتی داوەتە ئیدارەی پارێزگاکان هەر کاتێک پلەی گەرما گەیشتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی، ئەو رۆژە بکەنە پشوو.