پەرلەمانتاری بۆکان: 90%ـی گوندەکانی بۆکان کێشەی کەمئاوییان هەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەری بۆکان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، چەندین گەڕەکی شاری بۆکان و 90%ـی گوندەکانی سەر بەو شارە کێشەی کەمئاوییان هەیە.
 
قەسیم عوسمانی، نوێنەری بۆکان لە پەرلەمانی ئێران، رۆژی چوارشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ بەشێک لە خەڵکی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری رایگەیاند، لەم ساڵانەی دواییدا کێشەی کەمئاوی و پچڕانی کارەبا لە بۆکان سەریهەڵداوەتەوە و ئێستا لە چەندین گەڕەکی شار و نزیکەی 90%ـی گوندەکانی سەر بەو شارە ئەو کێشەیەیان هەیە.
 
قەسیم عوسمانی گوتی، "بەداخەوە بارودۆخی شارەکە بە شێوەیەکە کە لەبری هەوڵدان بۆ پێشکەوتن و گەشەپێدانی شار، دەبێت کاتەکەم بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا تەرخان بکەم".
 
گوتیشی، "چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێویستی بە هەوڵی زیادە و دەرفەتی گونجاو، هەروەها سەبر و خۆڕاگری خەڵکی شارەکە هەیە".
 
شاری بۆکان دەکەوێتە باشووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و 173 گوند سەر بەو شارەن.
 
کێشەی کەمئاوی لە شاری بۆکان لەکاتێکدایە کە بەنداوی بۆکان بە 537 ملیۆن مەتر سێجا پڕئاوترین بەنداوی پارێزگاکەیە.