رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی حەوت مانگ لە هەڵبژاردن، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو.
بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لە کاژێر 13:00 بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان دواخرا.
هۆکاری دواخرانی کۆبوونەوەکە ئەوەبوو، بەشێک لە لایەنەکان داوایان دەکرد دانیشتنەکە داخراو بێت.
راکان جبووری لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، "نوێنەری سەرۆکوەزیران سوودانی داوای کرد بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەن و نوێنەرانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق ئەم کۆبوونەوەیە بکرێت. ئێستا گەیشتووین بەوەی کە بتوانین رێکبکەوین لەسەر دیاریکردنی پۆستەکانی پارێزگا".
باسی لەوەش کرد، "هیوادارین بگەینە ئەنجامێکی زۆر باش لەنێو هەموو پێکهاتەکاندا".
لە پاش رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017، راکان جبووری پۆستی پارێزگاری کەرکووکی بەوەکالەت وەرگرتبوو. دوێنێ چوارشەممە، لە دادگە وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا سوێندی خوارد و بەوەش دەسەڵاتەکانی پارێزگاری لەدەست نەما. ئەمڕۆ وەکو بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا ی کرد.
کۆبوونەوەکە کەمتر لە نیو کاژێری پێچوو و کۆتایی هات. رێبوار تەها، لە فراکسیۆنی یەکێتی ئەنجوومەنەکە بە میدیاکانی راگەیاند، "ترسێک هەبوو لاماندا. نەماندەزانی تا کەی ئەم حکومەتە [حکومەتی خۆجێیی کەرکووک] دروست دەبێت؟ پلان هەبوو جارێ حکومەتەکە دروست نەبێ، تەنیا ئەم دانیشتنە بکرێت و تەواو".
رێبوار تەها ئەوەشی گوت، "یەکێتی هێزە... ئەمڕۆ ئەوەی ویستمان کردمان".
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیش بە میدیاکانی گوت، "دانیشتنەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە تاوەکو رێککەوتنی سیاسی دەکرێت؛ دەبێ لە ماوەی 30 رۆژدا پۆستەکان یەکلایی بکرێنەوە".
ئەمڕۆ ترسێک لای فراکسیۆنی یەکێتی دروستبوو کە پێیان وابوو جۆرە یارییەکی سیاسی لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەندا هەیە، ئەمەش هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەکە بوو.
لەبارەی ئەو ترسەوە، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوتبوو، "ئێمە پێشتر بڕیارمان داوە کە ئەمڕۆ دانیشتنەکە تەنیا بۆ رەواییدان بێت بە ئەنجوومەنی پارێزگا".
پاش کۆبوونەوەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیشتە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەموولایەک بەشداری دەکەن لە ئیدارەدانی ئەم شارە، رێککەوتن کراوە هەموولایەکی تێدا بن". لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارەوە ئاماژەی بەوە کرد، "پارێزگار بۆ ئەو پێکهاتەیە کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە".
بۆ دیاریکردنی پارێزگار، لایەنەکان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، یەکێتی کە پێنج کورسیی ئەنجوومەنەکەی بەدەستهێناوە، داوا دەکات پارێزگار لە پشکی ئەوان بێت، بۆچوونێکی دیکەش لە نێوان پارتی، لایەنە عەرەبەکان و تورکمان هەیە کە پۆستی پارێزگار بە هاوبەشی لە نێوان هەر سێ پێکهاتەکە ساڵ بە ساڵ بەڕێوەبچێت و هەر کامەیان بەربژێری خۆی هەبێت.

زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە براوەکان، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن تاوەکو ئەمڕۆ دواخرابوو.
بەگوێرەى یاسا، 5ی شوبات دوا وادە بوو بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار، بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکان لەسەر پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی ئەو کۆبوونەوەیە نەکرا.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کە لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ بۆ کۆبوونەوە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە 9 ئەندامە و ئەمڕۆ هەر 16 ئەندامەکە لە بینای ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ