کوردستان
رادەستکردنی داتای لێکۆڵینەوەکان لەسەر تاوانەکانی داعش بە دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رووداو دیجیتاڵ
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش-یونیتاد، 46 گێگابایت زانیاری و داتای لەبارەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی کوردستان دەڵێت: "چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدڕاڵیی دەبین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی تەمووزی 2024، ستیڤن ماتیاس، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یاسایی و ئانا پێرۆ لۆپیس، راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە وەکالەت لەگەڵ رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆبوونەوە.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەو بەڵگانەی ئەمڕۆ رادەستمان کران ئەو زانیاری و کەرەستانەی یونیتاد بوون کە لە دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەریگرتوون، سەرەڕای بەشدارییەکانی لێکۆڵەران، پسپۆڕانی یاسایی، پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری و شیکەرەوەکان لەخۆدەگرێت، کۆی قەبارەی داتاکان دەگاتە 45.95 گیگابایت کە کۆدکراو و پارێزراوە."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرنامەی تایبەتی بەکارهێناوە بۆ کۆپیکردنی ئەم زانیارییانە بە شێوازی ئەلیکترۆنی، دوای پشتڕاستکردنەوەی ورد لە بەڵگەکان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو لایەنانەی کە لەسەر پرۆسەی دادگەییکردن لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی داعش سوودیان لێ ببینن.
لە بارەی گرنگیی بەڵگەنامە رادەستکراوەکانەوە، زێباری روونیکردەوە: "گرنگیی لەوەدایە دادگەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن سوود لەو بەڵگەنامانە وەربگرن بۆ دادگەییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان (تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید) کە دەرهەق بە کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە ئەنجامیانداوە."
گوتیشی: "ئێمە لە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد تا کۆتایی مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبین، لەم رووەوە بڕیارەوایە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوو خولی مەشق بۆ ژمارەیەک ئەفسەری ئەمنیی تایبەت بە پرۆگرامی پاراستنی شایەتحاڵەکان بە مەبەستی دامەزراندنی یەکەیەکی کاری شایەدحاڵەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بکرێتەوە."
هەروەها باسی لەوەشکرد دوای مانگی ئەیلوول کە ئەرکی تیمەکە کۆتایی دێت "چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدڕاڵی دەبین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش، لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاوەکانی خۆمان دادەڕێژین بە جۆرێک لە بەرژەوەندی قوربانییان و کەسوکاریان بێت."
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و لێپرسینەوە لە تاوانکاران، ناسراو بە یونیتاد، لە ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان پێکهێنرا تاوەکو تاوانبارانی داعش بدۆزرێنەوە و دادگەیی بکرێن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کریستیان ریچەر، راوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی یوو ئێن بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق (یونیتاد)، رۆژی 24ـی ئابی 2023، رایگەیاند، نۆ ملیۆن لاپەڕە بەڵگەنامە لەسەر تاوانەکانی داعش بە دیجیتاڵیکراون.
20ـی ئاداری ئەم ساڵیش کریستیان ریچەر بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، "روونە ئەرکەکەی ئێمە کۆتایی نەهاتووە. پێویستمان بە کاتی زیاترە، ئەگەر تەماشای کاتی کۆتایی ئەرکەکان بکەیت کە ئەیلوولی 2024ـە، ئێمە تاوەکو ئەوکاتە ناتوانین تەواوی لێکۆڵینەوەکانمان تەواو بکەین یان دامەزراندنی ناوەندێکی ئەرشیڤکردن بۆ ملیۆنان بەڵگەنامەی گرنگ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ