رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ راگەیاندنی دابەزینی هەڵاوسان، نرخی دۆلار بۆ نزمترین ئاستی مانگێک دابەزی. نرخی زێڕیش گەیشتە بەرزترین ئاستی مانگ و نیوێکی رابردوو. نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستانیش بەرزبووەوە.
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا، هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 3٪ دابەزیوە. ئەمە نزمترین ئاستە لە ماوەی ساڵێکی رابردوودا.
لە مانگی ئایاردا رێژەکە 3.3٪ بوو.
ئەمە راستەوخۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕی لە دوو هەزار و 379 دۆلارەوە گەیاندە دوو هەزار و 407 دۆلار. پێنوێنی نرخی دۆلاریش بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی جیهان بۆ 104.22 خاڵ دابەزی کە نزمترین ئاستی مانگێکە.
دابەزینی هەڵاوسان ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا زیاتر دەکات لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود، دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار، ئەوەش نرخی زێڕ، پشکی کۆمپانیاکان، دراوەکان و دراوە دیجیتاڵییەکانیش بەرزدەکاتەوە.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی رایگەیاند، "چاوەڕوانی داتای ئەرێنیین بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود". گوتیشی، لەسەر بنەمای داتا و کۆبوونەوە لەدوای کۆبوونەوە بڕیار لەبارەی رێژەی سوود دەدەین.
دوای هەواڵەکە، نرخی مسقاڵێک زێڕیش لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار دینار بەرزبووەوە.
بەپێی سەندیکای زێڕینگران، ئێستا نرخی فرۆشتنی مسقاڵێک زێڕ بەم شێوەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 575 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 525 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 505 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 430 هەزار دینارە
لە 4ـی ئەم مانگەوە نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 500 هەزار دینار جێگیرە. رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگەش گەیشتە 503 هەزار دینار.
ئەمە سێیەمین جارە لە مێژوودا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بگاتە ئەم ئاستە.
زۆرترین ماوەشە تائێستا لەم ئاستە بەرزەدا مابێتەوە.
گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
دابەزینی بەهای دیناریش بەرامبەر بە دۆلار لە دوو هەفتەی رابردوودا، نرخی مسقاڵی زێڕی زیاتر دابەزاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ