گۆڕان داوا لە لایەنە کوردستانییەکان دەکات بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی جووتیارانی ناڕازی تۆپزاوای کەرکووکیان کرد و گوتەبێژی بزووتنەوەکەش داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاکانی سنووری مادەی 140 بکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 11ـی تەممووزی 2023، شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی جووتیارانی تۆپزاوای کەرکووکیان کرد، کە زیاتر لە دوو مانگە وەکو ناڕەزایەتی بەرامبەر داگیرکردنی زەوییەکانیان خێوەتەیان هەڵداوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پاڵپشتییان لە داواکارییەکانیان کرد.
 
دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەم خێوەتە جێگرەوەی پارتە سیاسییە کوردستانییەکانە کە هەستیان بە بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەرامبەر ئەو رووداو و پێشهاتانە نەکردووە کە دێنە پێشەوە، ئێستا جووتیارانی کورد و تورکمان لەم خێوەتە بەرپرسیارێتیی ئەوان جێبەجێدەکەن".
 
دلێر عەبدولخالق گوتی: "پێویستە نوێنەرانی کورد لە بەغدا و بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئامرازە سیاسی، یاسایی و ئیدارییەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی جووتیاران و کێشەی زەویوزارەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت".
 
بڕیارە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، کە کەرکووکیش دەگرێتەوە، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت؛ لە ماوەی 20 ساڵدا ئەوە دووەم هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە، ناوچە کێشەلەسەرەکان و کەرکووک لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ەوە بە هەلومەرجێکی نەخوازراودا تێدەپەڕن، پێویستە یەکێتی و پارتی بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکانیان وەلا بنێن و بەرژەوەندی نیشتمانی و کوردستانی رەچاو بکەن".
 
دلێر عەبدولخالق داوا دەکات سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن و دەڵێت: "بەرژەوەندیی نیشتمانی و کوردستانی ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاکانی کەرکووک، مووسڵ، سەلاحەدین و دیالە بکەن. ئێمە وەکو بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هەر جۆرە هاوپەیمانیی و یەک لیستییەکین کە هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان تێیدا بەشداربن".