دوو خوشکی کوردی ئێزدی کە کەوتبوونە دەستی داعش، رزگارکران

رووداو دیجیتاڵ

دوو کچە کوردی ئێزدی بە ناوەکانی عالیە و بەسێ خەلەف خدر، کە خوشکی یەکدین و لە ساڵی 2014ـدا کەوتبوونە دەستی داعش، رزگارکران و دەگەڕێندرێنەوە دهۆک بۆ لای کەسوکاریان.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو کچانە لە شوێنێکی تایبەتن، لە نزیکتری کاتدا دەگەنە لای کەسوکاریان لە کەمپەکانی دھۆک".
 
موحسین حەمۆ، کەسوکاری ئەو دوو کچە کوردە ئێزدییە بە رووداوی گوت "لە خێزانەکەی ئەواندا، هەر عالیە و بەسێ کەوتبوونە دەستی داعش. عالیە ئێستا تەمەنی 20 ساڵە و بەسێش بووەتە 24 ساڵ".
 
سەبارەت بەو شوێنەی دوو خوشکەکە لێی رزگارکراون، حوسێن قائیدی روونی کردەوە، بەھۆکاری ئەمنی شوێنەکە ئاشکرا ناکەن، بەڵام گوتی "وەکو نووسینگەی رزگارکردنی رفێراوەکان، لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەردەوامین لە ھەموو ئەو شوێنانەی گومان دەکرێت خێزانەکانی داعش لێی بن، بۆ ئەوەی ئەوانەی کە لە دەستی ئەواندا ماون، رزگار بکەین".
 
ئاماژەی بەوەش دا "لە رۆژانی داھاتوودا مژدەی دیکەمان دەبێت"، کە مەبەستی ئەوەیە کچان و ژنانی دیکەش رزگاردەکرێن.
 
نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوەکان لە ساڵی 2014 دامەزراوە و سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە.
 
 تائێستا لە کۆی شەش ھەزار و 417 کەس کە داعش رفاندوونی سێ هەزار و 568ـیان رزگارکراون.