تورکیا بەچڕی زنجیرە چیای مەتین و گارە بۆردوومان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چوار شوێنیان لە زنجیرە چیای گارە و مەتین بۆردوومانکرد. 
 
فایەق بیرکاهینی، هاونیشتمانییەکی گوندی بەلاڤە لە دەڤەری ئامێدی بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، تورکیا سێ شوێنێ لە دەڤەری بەرێ گارەی و شوێنێکی دیکەی لە زنجیرە چیای مەتین بۆردوومانکردووە. 
 
ماوەی نزیکەی مانگێكە تورکیا بۆردوومانەکانی لە سنووری قەزای ئامێدی و ئاکرێ چڕترکردووەتەوە و رۆژانە زنجیرە چیای مەتین و گارە لە ئامێدی و دەڤەری زێبار لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزا ئاکرێ بۆردووماندەکات.
 
فایەق بەلاڤەیی کە ڤیدیۆی بۆردوومانەکەی بۆ رووداو ناردووە، ئاماژەی بەوە کرد بۆردوومانەکان لە سنووری گوندی گرگاش و سپیندارێ و ناوچەی زێبار لە زنجیرە چیای گارە و لووتکەی چیای مەتین لە نزیک گوندی بەلاڤە بوونە. ترس و دڵەڕاوکێش لای خەڵکی سنوورەکە دروستبووە. 
 
سەبارەت بە زیانی بۆردوومانەکە، ئەو هاونیشتیمانییە گوتی، شوێنی بۆردوومانەکان پێنج بۆ حەوت کیلۆمەتر لە گوندەکان دوور بوون. ئەو شوێنانە دەکەونە ناوچەی قەدەخەکراو، بۆیە زیانەکان نازانرێت و کەسی سڤیل ناتوانێت بگاتە شوێنی بۆردوومانەکان.