جووتیارێک لە سلێمانی: 57 دۆنم زەویی گەنمم هەبووە و سایلۆ هیچی لێ وەرنەگرتووم
رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێک لە بەرزنجە کە 57 دۆنم زەوی بە گەنم چاندووە دەڵێت، لەلایەن کشتوکاڵی بەرزنجەوە هیچ پشتگیرییەک نەکراوە، بۆیە نەیتوانی گەنمەکەی رادەستی سایلۆ بکات.
ئارام حەمەئەمین، جووتیار بە رووداوی گوت، "ئەگەر سەرەتا پشتگیریم بکرایە، نزیکی 20 تۆن گەنمم بۆ سایلۆ دەبرد، بەڵام ئێستا ناچارم هەر کیلۆیەکی بە نزیکی 400 دینار بفرۆشم، ناشزانم بۆچی ناوی ئێمە نەنووسراوە، کاتێک بە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەرزنجەمان گوت، دەڵێت: هەموو ناوەکان نێردراوە بۆ بەغدا و ناوی دیکە زیادناکرێت، بەڵام خەڵک هەبوو دەڕاسە لەسەر گەنمەکەی بووە کە ناوی زیادکراوە."
بەشێک لە جووتیارانی دیکەی بەرزنجەش ناڕازین و دەڵێن: جووتیار هەیە زەویی کەمی هەیە و پشتگیریی زەویی زیاتری بۆ کراوە، یان جووتیار هەیە زەویی زۆری هەیە و پشتگیریی کەمتری بۆ کراوە.
هەردی عوسمان، جووتیارێکی دیکەی بەرزنجەیە و باس لەوە دەکات، "جووتیار هەیە زەوییەکەی کردووە بە کاڵەک، بەڵام بە گەنم بۆی نووسراوە، جووتیاری دیکە هەیە 50 دۆنمی هەیە و 100 دۆنمی بۆ نووسراوە، ئەمەش نادادپەروەرییە، بۆیە داوا لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکەم لیژنەیەک بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دروستبکەن، ئەگەریش کێشەکە حیزبییە داوا لە سەرۆکی یەکێتی دەکەم چارەسەرێکی بکات."
ناڕەزایەتییەکانی جووتیاران روو لە بەڕێوەبەری لقی کشتوکاڵی بەرزنجەیە، ئەو سوورە لەسەر ئەوەی کە ئەو پشتگیرییانە بە رێنمایی کراون.
جەمال حەمەئەمین، بەڕێوەبەری لقی کشتوکاڵی بەرزنجە بە رووداوی راگەیاند، "لە ئەمڕۆوە لیژنەیەک پێکدەهێنم بۆ بەدواداچوونی داواکاریی جووتیارانی سنوورەکەمان، بەڵام ئێمە ئەوەی کردوومانە بە بەڵگەوەیە، بۆیە دەبێت ئەو کەسانەش کە ئەم قسانە دەکەن بەڵگەیان پێبێت، نەک بوختان بکات."
کشتوکاڵی سلێمانی هۆکاری ئەو گرفتەی بۆ نەبوونی رووپێویی زەوییە کشتوکاڵییەکان گەڕاندەوە نەک بەمەبەست ئەو پشتگیرییانە بە زیاد یان کەم کرابن.
جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی گوتی، "رەنگە هەڵەیەکی کەم لە تۆمارکردنی رووبەری زەویی بە گەنم چێندراوی جووتیاران هەبێت، بەهۆیەوە گۆڕانکارییەکی بچووک دروستبووبێت، بەڵام کاریگەری لەسەر کۆی پڕۆسەکە نییە."
بۆ چارەسەری ئەم گرفتە، کشتوکاڵی سلێمانی لە پلانیدایە ساڵێ ئاییندە بە ئامێری پێشکەوتوو رووپێوی بۆ تەواوی زەویی جووتیاران بکەن.