رووداو دیجیتاڵ
پیاوێک کە لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی کار دەکات، دەڵێت، لەوکاتەوەی بازاڕەکە دروستبووە، هیچ کچێک لە بازاڕەکەدا کاری نەکردووە. دەشڵێت، هەنگاو هەن بۆئەوەی کچان کاری لێبکەن، بەڵام بەربەست زۆرە.
کاوە یەحیا، خاوەنی نووسینگەی دراوە لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی و دەڵێت، "پێدەچێت لەم بازاڕە نەگونجێت کە کچ ئیش بکات، بەڵام شوێنی دیکە دەگونجێت، ئەگەر کچێک لێرە کاربکات و زیان بکات شوێنی ئیشەکەی دەڵێن هەمووی خەتای کچەکە بووە."
موسا محەممەد، خاوەنی نووسینگەی دراوە لەو بازاڕەدا و باس لەوە دەکات، "ئەم بازاڕە هەموو کەس رووی تێدەکات و هەموو چین و توێژەکان، بۆیە ناگونجێت کچێک لێرە کاربکات لە رووی کۆمەڵایەتییەوە."
لە کۆمپانیاکانی دراو لە دەرەوەی بازاڕی دۆلاری شارەکان، کچان هاوشێوەی پیاوان کاردەکەن.
شاناز کاوە، کارمەندی کۆمپانیایەکی دراوە و دەڵێت، "لەبەر ئەوەی لە بازاڕەکان کار ناکەین، چونکە یاسای تێدا نییە، ژنان هەندێكجار کاریان زووتر دەستدەکەوێت، چونکە بەشێک لە خەڵک دەیەوێت لەگەڵ کچان قسە بکات و مامەڵە بکات."
شاجوان فەیسەڵ، کارمەندێکی دیکەی کۆمپانیای دراوە و باس لەوە دەکات، "جێگەی دەرەوەی کۆمپانیاکان گونجاو نین و گرفت دروستدەکەن، هەندێکجار خێزانیش رێگرە."
بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار؛ 90٪ـی ئەو مێیینانەی کار دەکەن لە کەرتی حکومین و بەشێوەیەکی گشتیش کوڕان زیاتر کاردەکەن، هۆکارەکەیشی بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان و رێگەگرتنە لە ژنان دەگەڕێنێتەوە کە بچن کاربکەن و هۆکارێکی دیکەش نەبوونی شوێنی گونجا و پێویستە بۆ چاودێریکردنی منداڵ.
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی گوتی، "رێژەی 75٪ـی ئەوانەی کاردەکەن پیاوانن لە هەرێمی کوردستان و ژنان ٪15ـە، هێزی کاری ژنان زۆر کەمن، بەڵام لە گوندەکان ژنان هاوشانی پیاوان کار دەکەن، ئەوە لە قەزا و ناحیەکان کەمترە."
بەگوێرەی راپرسیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بۆ کارکردنی گەنجان؛ 43.9٪ـی گەنجان کار دەکەن کە 61.5٪یان نێرینە و 16٪یان مێینەن.
سەبارەت بە گرفتەکانی دۆزینەوەی کار، بەشێک لە گەنجان نەزانینی زمانی بیانی و نەبوونی ئەزموونی کار بە هۆکار دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ