رێباز حەملان: دوای جەژن مووچەی ئەو وەزارەتانە دابەشدەکرێت کە لە سلێمانی مووچەیان وەرنەگرتووە

11-07-2022
گۆڤەند مستەفا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەرێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی ئەو وەزارەتانەی لە سلێمانی مووچەیان وەرنەگرتووە، دەڵێت، دوای جەژن مووچە وەردەگرن. 
 
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات گوتی، "دوای جەژن مووچەی هەموو ئەو وەزارەتانە دابەش دەکرێت کە لە سلێمانی مووچەیان وەرنەگرتووە."
 
رێباز حەملان باسی لەو بڕە نەوتە کرد کە حکومەت فرۆشتوویەتی و گوتی، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە 73 ملیۆن بەرمیل نەوت فرۆشراوە." 
 
هەروەها باسی لە داهاتی فرۆشتنی نەوتیش کرد و دەڵێت، "داهاتی حکومەت لە فرۆشتنی نەوت لە شەش مانگی رابردوودا شەش ملیار دۆلار بووە." 
 
یاریدەدەرەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی 200 ملیارەکە ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی عێراق تەنیا دووجار ناردوویەتی. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: 
 
رووداو: دۆخی دارایی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆنە؟
 
رێباز حەملان: حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش 95% بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، ئێستاش نرخی نەوت بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو لە دۆخێکی باشتردایە، بۆیە ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022، بە تەواوەتی پشتمان بە داهاتی خۆمان بەستووە لە فرۆشتنی نەوت، بەو داهاتەی لەبەر دەست بووە توانراوە لەو 6 مانگەدا مووچەی تەواوەتی دابەش بکرێت.

 

ئێمە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ نزیکەی 73 ملیۆن بەرمیل نەوتمان فرۆشتووە، هەر مانگە و بە نرخێک فرۆشراوە، بەڵام بە تێکڕا بە نزیکەی 95 دۆلار فرۆشراوە. عێراق بە 3 دۆلار لە نرخی برێنت کەمتر دەفرۆشێت، ئێمەش لە خوار حکومەتی عێراقییەوە فرۆشتوومانە کە لە نێوانی 8 بۆ 9 دۆلار کەمتر بووە.
داهاتەکەی نزیکەی 6 ملیار و 935 ملیۆن دۆلار بووە لەو بڕە نەوتەی لە ماوەی ئەو 6 مانگە، لەو بڕەش 3 ملیار و 191 ملیۆن دۆلارمان تەنیا داوە بە مووچە، چونکە ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستمان بە 620 ملیۆن دۆلارە بۆ ئەوەی بۆ مووچە دابینی بکەین، بە نزیکەی 18 بۆ 20 ملیۆن دۆلاریش هاوپەیمانان دابینی دەکەن بۆ هێزە هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.

 

واتە لە هەرێمی کوردستان مانگانە 640 ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ مووچە خەرج دەکرێت کە دەڵێین مووچە، مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی و خانەنشینی.

 

لە هەموو ساڵی 2022، حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، تەنیا دووجا پارەی ناردووە، 200 بە 200 ملیار، واتە بە هەردووکی 400 ملیار دیناری ناردووە. ئێمە 5 ترلیۆن و 400 ملیار دینارمان خەرجکردووە بۆ مووچە لەو 6 مانگە، تەنیا 400 ملیارەکەی هی عێراقە 5 ترلیۆن خۆمان دابینمان کردووە.
مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی داهاتی نەوتەوە بۆ وەزارەتی دارایی زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاری دابین کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی پێ دابەش بکات.

 

دۆخی دارایی خۆشمان، داهاتی ناوخۆمان بە تێکڕایی لە 6 مانگی رابردوو مانگانە 200 ملیۆن دۆلار 203-205 لەو نێوانەدا بووە.
 
رووداو: لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کۆبوونەوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران کرا، لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کۆکردنەوەی داهات بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی. مانگێک دوو مانگ باش بوو مووچەی مووچەخۆرانی سلێمانی بە رێکوپێکی دابەش دەکرا هیچ کێشەیەک نەبوو، بەڵام ئەم مانگە دیسان کێشەکە سەریهەڵدایەوە، تاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆری فەرمانبەران لە چەند وەزارەتێک مووچەیان وەرنەگرتووە، هۆکاری دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو کێشەیە چییە؟
 
رێباز حەملان: لەسەر بڕیاری جەنابی سەرۆکی حکومەت دووجار بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە پارەی نەوت پارەی بۆ تەرخانکردن، بە مەرجێک لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەو بڕەی لە داهاتی نەوت دیاریکراوە بۆ مووچە بەشێکیشی تەواوکارییە لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت کە هەر پارێزگایەک لە داهاتی ناوخۆی خۆی دابینی دەکات. بەڵام بەداخەوە لە چەند مانگی رابردوو لە سلێمانی کێشەی زۆر لە خاڵە سنوورییەکان هەبوو، لە شێوازی کۆکردنەوەی داهاتەکە، ئەوبوو زەحمەتیێکی زۆر بۆ مووچەخۆران دروستبوو بۆیە جەنابی سەرۆکی حکومەت خۆی دەستوەردانی کرد و بۆی چارەسەرکردن. بەڵام ئەم مانگە بەهۆی عەرەفە و بەرەجەژنەوە کێشەکەیان بۆ دروستبووەوە، بۆیە راستەوخۆ دوای جەژن هەموو ئەو کەسانەی کە مووچەیان وەرنەگرتووە لە پارێزگای سلێمانی مووچەکانیان وەردەگرن.
 
رووداو: واتە کێشە لە کۆکردنەوەی داهات لە سلێمانی نەماوە؟ وەکو هەولێر و دهۆک بە رێکوپێکی کۆدەکرێتەوە؟ وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان رازین لە کۆکردنەوەی دهات لە سلێمانی؟ 
 
رێباز حەملان: بە تەئکید کێشەکە هەر بەردەوام بووە، بەڵام وەکو گوتم دووجار جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت ئەو کورتهێنانەی بۆ پڕکردوونەتەوە. بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی سلێمانی، سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان و کۆمەڵگەکان هەموویان پێیان گوتراوە کە دەبێت ئەم بابەتە چارەسەر بکەن، چونکە کێشەی نەختینە کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سلێمانی دروست دەکات. حکومەتی خۆجێیی سلێمانی بەرپرسی یەکەمە لەو بابەتە کە هۆکار چییە نەختینە وەکو جاران لە بانکەکاندا نەماوە؟ دەبێت چارەسەری بکەن، جەنابی سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵە لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران بەردەوام لەسەر ئەو بابەتە قسەکراوە، بابەتێکە بە گرنگییەوە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەیردەکرێت، بەڵام چارەسەرە بنەڕەتیەکەی لای حکومەتی خۆجێییە لە پارێزگای سلێمانی.

 

ئێمە لە رابردوو لە کابینەکانی پێشووش لە داهاتی نەوت توانیومانە 30%ـی ئەو داهاتە دابین بکەین بۆ مووچە، چونکە لە پێشووتر بەشێک لە پارەکە لە بەغداوە دەهات. بەڵام ئێستا 47%ـی فرۆشتنی نەوت لەم کابینەیە و لە 6 مانگی رابردوو بۆ مووچە دابینکراوە، 52-53% لە فرۆشتنی نەوت دابینکراوە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی نەوت بەرهەمدەهێنن، ئەوانەی نەوت دەفرۆشن، یان دەیگوازنەوە، بۆ بۆری و خزمەتگوزاری فرۆشتنی نەوت بە بۆری لەو بەری تورکیاوە. بەشێک لەو 53%ـەی لە فرۆشتنی نەوت دراوەتەوە ئەو قەرزانەی لە رابردوو وەرگیراوە لەو کۆمپانیایانەی کەو نەوتیان لە هەرێمی کوردستان کڕیوە، بەشێکی بۆ دانەوەی قەرزی تورکیا بووە کە تاوەکو ئێستاش هەر بەردەوامە. 

 

هەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی جیاوازتردایە لە فرۆشتنی نەوت، 48%ـی داهاتی فرۆشتنی نەوت کە دەستمان دەکەوێت بۆ مووچە دابین دەکرێت. چونکە حکومەتی عێراق هیچ پاڵپشتییەکمان ناکات، لە ماوەی 6 مانگدا 400 ملیار دیناری ناردووە.
 
رووداو: ئێستا قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندە؟
 
رێباز حەملان: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مانای قەرز نە لە کابینەی هەشت، لە کابینەی نۆ قەرزێکی نێودەوڵەتی نەکردووە تا قورساییەک بخاتە شانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و لە داهاتوو. لە پەرلەمانی کوردستان یاسای قەرز هەیە، وەزیری دارایی بەرپرسی کۆتاییە لەوەی کە قەرزێک بۆ هەرێمی کوردستان بێنێت و ئەو واژۆی بکات. ئەم قەرزە نەکراوە، ئەوەی کە لەسەر شانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە لە ئەنجامی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان بووە لە مانگی 1ی ساڵی 2014 لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە کە ئەوکات بەڕێز نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، لە سەردەمی ئەوەوە بودجەی هەرێمی کوردستان بڕدرا، بەمەش گوشارێکی زۆر کەوتە سەر هەرێمی کوردستان، نرخی نەوت دابەزی.. هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر پابەندییەوە نەک قەرز، پابەندی بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانەی کە نەوتیان لە هەرێمی کوردستان دەرهێناوە، کە نەوت دەگوازنەوە، پابەندی بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانەی کە بەڵێندەرن چ ئەوانەی دەرەوە چ ئەوانەی ناوخۆ کە پرۆژەی حکومیان لە هەرێمی کوردستان کردووە. 12 ملیار دۆلاریش لەوە پابەندیی کابینەی هەشتەمە لەسەر پاشەکەوتی مووچەخۆران. ئەگیان وەکو قەرز قەرز نەکراوە، بە تایبەتی لە کابینەی نۆ نەک قەرز نەکراوە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت حکومەتی هەرێمی کوردستان ملیارێک و 666 ملیۆن دۆلار قەرزی داوەتەوە. واتە نەک قەرزمان نەکردووە لەم کابینەیە، بەڵکو قەرزیشمان داوەتەوە.
 
رووداو: ئێستا بارودۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەندە باش نەبووە کە بتوانێت بەرە بەرە قەرزەکانی فەرمانبەران وەکو پاشەکەوتی مووچە بداتەوە؟ 
 
رێباز حەملان: ئەم کابینەیە کە تەمەنی 3 ساڵە، یەک ساڵی تەواو بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا و کەرەنتین نەبوونی فەرمانگەکان و خاڵە سنوورییەکان نەیتوانیوە دەوامی خۆی بکات یان مومارەسەی کارەکانی بکات. واتە ئێمە لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەم دوو ساڵ بە تەواوەتی توانیومانە بە تەواوەتی کارەکانی خۆمان بەڕێبکەین، ئەوەی دیکە بەهۆی ئەو هەموو قەیرانەی لەسەرمان بووە، نەمانتوانیوە.  

 

ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان مادام هەرێمێکی دەستوورین و سەر بە بەغداین، حکومەتی عێراق پابەندی خۆی بەجێنەهێناوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانییەکانی خۆی و بەرامبەر مووچەخۆرانی ئەو هەرێمە، ئەو بودجەیەکەی بڕیوە، واتە ئەو هۆکاری ئەوەی بووە مووچە پاشەکەوت بکرێت، واتە دەبێت بەشە زۆرەکەی ئەو پابەندییەی کە پێی دەڵێن، پاشەکەوتی مووچەخۆران، دەبێت حکومەتی عێراقی هەڵیبگرێت نەک بە تەنیا هەرێمی کوردستان
 
رووداو: بەڵام وەزیری دارایی شتێکی دیکە دەڵێت.. بە نووسراوی فەرمی دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە دانەوەی ئەو قەرزەی فەرمانبەران کە لای حکومەتی هەرێـمی کوردستانە
 
رێباز حەملان: ئەو نووسراوەم نەبینیوە.. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هیچ بەرپرسیاریێتییەک راناکات، بەڵام دەبێت حکومەتی عێراقی کە خۆی بە سەروەریی ئەو وڵاتە دەزانێت، هۆکاری سەرەکی قەیرانی دارایی لە 2014وە کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئەو بودجەکەی بڕیوە، دەبێت بەشێکی گەورەی ئەو پابەندییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت. 

 

لە ماوەی ئەو دوو ساڵەشدا بەردەوام لە قەیراندابووین، قەیرانێکی گەورە کە ئێمە بەردەوام داوا دەکەین کە ئێمە بەشێکین لە عێراق دەمانەوێت لەگەڵ حکومەتی عێراقی رێبکەوین. بەردەوام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دەیانجار و سەتان جار شاندی ئێمە لە ئاستی باڵا چووەتە بەغدا، یەکەم شاندی ئەو هەرێمە کە چووتە بەغدا جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو کە ساڵی 2019 خۆی سەرپەرشتی شاندەکەی کردووە، لە دواتریش هەموو شاندەکان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چووەتە بەغدا و هەموو وەزیرە پەیوەندیدارەکان لەسەر بابەتی بودجە چوونەتە بەغدا، بە تایبەتی دۆسیەی نەوت. ئێمە ئامادەبووین بۆ هەموو رێککەوتنێک بە ئێستاشەوە هەر ئامادەشین، ئێمە هیچ جێگرەوەیەکی دیکەمان نییە جگە لە رێککەوتن نەبێت لەگەڵ بەغدا. بەڵام بابەتێک هەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێک و کیانێکی دەستوورییە، پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی هەرێمی دەستوورییە، ئەو کیانە لە خۆیەوە دروست نەبووە، ئەو کیانە بە خوێنی شەهیدان دروستبووە، بە ئەمرێکی واقیعی تەواو بەپێی دەستووری عێراق. ئێمە دەڵێن یان بەغدا لەگەڵمان رێکبکەوێت لەسەر دۆسیەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان یان وازمان لێبێنن بتوانین خۆمان هەرێمەکەی خۆمان بەڕێوە ببەین.

 

پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە باشترین گوزەران و ئارامی بۆ خەڵک دابین بکات، ئەو پابەندییانەی لەسەریەتی بەرامبەر بە مووچەخۆران دابینی بکات و بیداتەوە، بەڵام کەی؟ کە زەمینەیەک سازبێت بهێڵن هەناسەیەک بدەین.. ئێمە بەردەوام کێشەمان بۆ دروست دەکرێت، ئێستا وایلێهاتووە بە مووشەک و درۆن لێمان دەدرێت، لەولاو لەولا کێشەمان بۆ دروست دەکرێت.. بەرگەی هەموو ئەمانەشمان گرتووە بە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو دۆخە ئارامەی کە 100% تۆ بتوانیت ئاوڕێک بۆ دواوە بدەیتەوە ئەو پابەندیانەی لەسەرتە دابینی بکەی. بە دڵنیاییەوە ئەوە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

 

حەز دەکەم بۆ هەموو هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بە ویژدانەوە ئەوە روون بکەمەوە، جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو کەسایەتی خۆی، وەکو ئەو پلانەی هەیەتی ئێستا و لە داهاتووش نایەوێت چارەسەری شتێک بکات بۆ ماوەیەکی کاتی، نایەوێت دڵخۆشییەک بداتە خەڵک بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵکو دەیەوێت شتێکی بناخە داڕێژراو دروست بکات بۆ داهاتووی نەوەکانی داهاتووشمان لە ژێرخانێکی ئابووریی پتەو. ئەگینا ئێمە بمانتوانیبا ئەو کێشانە تێپەڕێنین دەمانتوانی قەرزێک بکەین، هەندێک شتی دیکە بکەین بۆ ماوەیەکی کاتی بڵێین هەموو دۆخەکە تەواوە، بەڵام ئێمە نەمانویستووە ئەمە بکەین. 

 

رووداو: لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا کەمێک مووچە دوادەکەوت، بەڵام ئەمە دوو مانگە مووچە لەکاتی خۆی و زووتریش دابەش دەکرێت. مووچەی ئەم مانگە لە کاتی خۆیدا لە 25ـی مانگ مووچەی مانگی 7 دابەش دەکرێت؟
 
رێباز حەملان: پێویستە ئەو پرسیارە لە وەزارەتی دارایی بکەن، چونکە وردەکاریی دابەشکردنی مووچە و خشتەی مووچە لای ئەوانە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نەوت و ناوخۆ هەموو کارێکی خەرجی راگرتووە، هەموو مانگێک تاوەکو لیستی مووچە رێکنەخرێت و داهات بۆ مووچەخۆران خەرج نەکرێت، هیچ خەرجییەکی دیکە ناکات. هەموو هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی بەرامبەر بە کۆمپانیاکان کە پابەندییان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە دەخاتە دوای دابەشکردنی مووچە. بۆیە وەکو ئاماژەتان پێدا مانگ هەبووە پێشکەوتووین لە 25ـی مانگیش زووتر داومانە، بۆیە بە دڵنیاییەوە بۆ مانگی داهاتوو بۆ مانگەکانی دیکەش تاوەکو مووچە دابەش نەکرێت هیچ شتێکی دیکە ناکرێت، بە تەئکید وەزارەتی دارایی لیستی مووچە ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا مووچە دابەش بکەن.
 
رووداو: باسی گوشارەکانی بەغدات کرد، هاوەنبارانکردن و مووشەکبارانکردنی کێڵگە نەوتییەکان، لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوی دەرکردووە، لە دوو کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانیش باسی گوشارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت لەسەر کۆمپانیاکان. پێتانوایە ئەو فشارانەی کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان گوشاری سیاسین؟ یان وەکو وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، ئێستا فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچێتە چوارچێوەی قاچاخچیێتیەوە .. پێتانوایە ئەو گوشارانە کاریگەریی لەسەر کۆمپانیاکانی نەوت دەبێت لە هەرێمی کوردستان؟
 
رێباز حەملان: با بگەڕێینەوە بۆ هەندێک خاڵ، یەک؛ من باسمکرد هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە، لە پەرلەمانێکی دەستووری لە هەرێمی کوردستان یاسایەک دەرچووە بەناوی یاسای نەوت گاز کە چەند رۆژێک پێش ئێستا یاساکە لەناو پەرلەمانی کوردستان هەموارکرایەوە. کەواتە ئێمە کە نەوتمان فرۆشتووە بەپێی یاسای نەوت و گاز فرۆشتوومانە.
 
دوو؛ هۆکار چی بوو هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بە بۆری فرۆشت بە فەرمی، هۆکارەکەی یەک خاڵە، ئەویش ئەوەیە هەرێمی کوردستان لە مانگی 1ـی ساڵی 2014وە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە بڕا کە بودجەمان بڕا هیچ داهاتێکمان نەما پشتی پێ ببەستین، لە مانگی 5ـی ساڵی 2014 لە کابینەی حەوتەم بڕیاری ئەوەدرا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆری نەوتی خۆی بفرۆشێت، ئەنجامەکەی هەر بەغدا بوو کە گوشاری کردە سەر ئێمە و بودجەکەی بڕین.
 
خاڵێکی دیکە؛ لە کوردەوەرای مەسەلەیەک هەیە دەڵێت، دەرگەیەک دادەخەی پەنجەرەیەک دەکەیتەوە، حکومەتی عێراقی نیازی وایە دەرگە و پەنجەرە لەسەر ئێمە دابخات.. شتی وا نابێت. ئێمە هەرێمێکین بە دەستوور هەین. تۆ خۆت یاسای نەوت و گازی فیدراڵیت نییە، فەرموو یاسای نەوت و گازی فیدراڵی عێراق لە پەرلەمان دەربکە بە مەرجێک ماف و پابەندییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دیاری بکات ئێمەش بەشێک بین لە دەنگدان بەو یاسایە و پەرلەمانتاران و نوێنەرانیی کورد بڕوایان بەو یاسایە هەبێت، ئەوکاتە ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبین بە یاسای نەوت و گازی فیدراڵیی کە لە بەغدا دەربچێت، بەڵام ئەوان یاساکەیان نییە، ئێمە یاسامان هەیە. 
 
خاڵێکی دیکە؛ لە بودجەی ساڵی 2021، دوای چەندین مانگ لە دواکەوتن کە لە کۆتایی مانگی 4 توانیان ئەو بودجەیە تێپەڕێنن، بە یاسای پەرلەمانی عێراق کە بودجەی ساڵی 2021 دەرچوو، لە بودجەکە جێگیرکراوە هەرێمی کوردستان ئەو نەوتەی دەیفرۆشێت بەو داهاتە مووچەی مووچەخۆرانی خۆی دابین دەکات، کەواتە دانپێدانانێکی یاسایی پەرلەمانی عێراقمان هەیە کە ئێمە مافی خۆمانە ئەو نەوتەی کە دەیفرۆشین داهاتەکەی بۆ خزمەتی خەڵکی خۆمان و مووچەخۆران دەبێت. کەواتە قاچاخچیێتیەکە و ناڕەوایەتییەکەی کوێدایە؟ نادەستوورییەکەی لەکوێدایە؟
 
ئەو بەڕێزەی کە وەزیری نەوتی عێراقە، بەڕێز وەزیری نەوتی عێراق خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ئەو گرێبەستانەی لە هەرێمی کوردستان کراوە بۆ نەوت 80% بەپێی ستانداردە و ئێمە تێبینیمان لەسەر 20%ـی ئەو گرێبەستانە هەیە، کەواتە خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە گرێبەستەکانی ئێمە بە ستانداردێکی جیهانی کراوە.
 
کۆمپانیای دیلۆیت کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە، کۆمپانیای وردبینی کردنی نێودەوڵەتییە، ئەو کۆمپانیایە وردبینی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوت و گەڕانەوەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، بە شەفافانە خۆی بڵاویدەکاتەوە چی فرۆشراوە و چەند داهاتی گەڕاوەتەوە و چەندی خەرجکراوە و پابەندییەکانی سەر ئێمەش چی بووە.. لە چەند ساڵی رابردووش کە نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جیهانەوە فرۆشراوە، کۆمپانیای سۆمۆ کە کۆمپانیایەکی عێراقییە نەوتی عێراق ئەو کۆمپانیایە دەیفرۆشێت، ئاگای لە وردەکاریی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جیهان هەیە کە چۆن دەفرۆشرێت.
 
سەبارەت بە پرسیارەکەشت، ئەمە گوشارێکی تەواو سیاسییە نە دەستووری و نە یاساییە کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئێمە ئەوەشمان راگەیاندووە، پابەند دەبین بە هەموو بڕیارێکی دەستووری عێراقەوە، راگەیێندراوەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو حیزبە بەشداربووەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان و حیزی سۆسیالیست کە بەشدارن لە حکومەت، لە راگەیێندراوەکەدا حکومەتدا دەڵێت، ئێمە ناچینە ژێر هیچ گوشارێکی سیاسی، پێداگرین لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە نەوت و هەموو دۆسیەکانی دیکەوە.
 
رووداو: هەڵوێستی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان چییە بە تایبەتی دوای ئەو گوشارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق دەیکاتە سەر کۆمپانیاکان؟ بەڵێنیان داوە پابەندی ئەو گرێبەستانە بن کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیانە؟ 
 
رێباز حەملان: گرێبەستەکان هەمووی گرێبەستی نێودەوڵەتین، مەسەلەیەک نییە پابەندبن بە بەڵێنەکان یان نا. هەر کاتێک کێشەیەک دروست ببێت ئەوان بەرپرس دەبن یاخود ئێمە دەبێت پابەندبین بەو گرێبەستانە، چونکە گرێبەستی نێودەوڵەتین و حکومەتی عێراقیش ئەوە باش دەزانێت. سوپاس بۆ خودا تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی نەوت باسی ئەوەی نەکردووە لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، یەک کۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوتی هەیە ئەویش هەندێک تێبینی لەسەر گرێبەستەکەی هەیە لەگەڵ وەزارەتی نەوت لە وتوێژدان بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن. ئەگینا هیچ کۆمپانیایەک نەکشاوەتەوە. 
 
من خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەمەوە بە هەوڵی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران و هەموو ئەو سەرکردە سیاسییانەی هەست بە بەرپرسیاریێتی دەکەن لە ئاستی هەرێمی کوردستان، ئێمە لەو دۆخە بە پشتیوانی خودا دەرباز دەبین، بە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان ئەو فۆبیایەی بۆ خەڵکیان دروستکردووە کە ئێمە بەرەو نەمان دەڕۆین و ئێمە نامێنین، ئەو شتانە ئەسڵ و ئەساسیان نییە، ئەو دۆخەش تێدەپەڕێنین چونکە لە قۆناخەکانی رابردوو دۆخی زۆر لەمە سەخترمان تێپەڕاندووە ئەوەش تێدەپەڕێنین. 
 
رووداو: بابەتی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران چی لێدێت، چونکە لە ماوەی رابردوودا پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ هەبوو، هی پێشمەرگە لە چەند رۆژی رابردوو واژۆکرا. هی فەرمانبەران کەی دەستپێدەکاتەوە؟
 
رێباز حەملان: حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک تۆز ئەو گوشارە گەورانەی لە چواردەور و لە بەغدا و لەولاو لەولاوە لێمان دەکرێت نەمێنن، ئێمە یەک تۆز بچینە قۆناخێکی ئارامی و داهاتمان بچێتە بوارێکی باشترەوە هەموو ئەو بابەتانە چارەسەر دەکەین، چونکە هەموو ئەو بابەتانە پێویستی بە بودجە و پارەیە. مادام پلە بەرزکردنەوە بۆ هێزە سەربازییەکان هەندێک لە مامۆستایان کراوە لە پلە بەرزکردنەوە لە گرێبەست لە هەموو ئەمانە.. پلان هەیە چارەسەر بکرێت و پلەکانیان بخرێتەوە جێی خۆی. لیژنەیەکیش لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە، بەڕێز سەرۆکی دیوان لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران خەریکی ئەو بابەتەیە، پێموایە لە زووترین کاتدا پلە بەرزکردنەوە دەستپێدەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە