پارێزگاری هەولێر: هێزە ئەمنییەکانم راسپاردووە تەقەکەرەکەی سەر ماڵی حاجی مەسیفی بدۆزنەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "ھێزە ئەمنیەکانم راسپاردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات تەقەکەرەکەی سەر ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بدۆزنەوە."
کاژێر 02:05 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 11-7-2022، لە گەڕەکی هەولێری نوێ لە شاری هەولێر تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرا و پاسەوانێکی بریندار بوو.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەکو بەرپرسی یەکەمی دۆسیەی ئاسایشی ھەولێر، ھێزە ئەمنیەکانم راسپاردووە بە زووترین کات تەقەکەرەکە بدۆزنەوە؛ دۆسیەکە ئێستا لەبەردەستی دادوەرە؛ ھێزەکان کۆڵنادەن تاوەکو سەرەداوێک دەستنەخەن و تەقەکەر دەدۆزنەوە."
ئومێد خۆشناو گوتیشی، "دوای ئەوەی حاجی مەسیفی ھێزە ئەمنیەکانی ئاگادارکردەوە، بە چەند خولەکێک پۆلیس و ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە."
هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، " لەم پایتەختەدا کاژێر 02:05 خولەکی شەو ماڵەکەمیان دایە بەر دەستڕێژی گوللـە، تەقەیان لە ژووی نووستنەکەی من و پاسەوانەکان کرد."
بەگوتەی حاجی مەسیفی، "تەقەکردن لە کەسێکی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەستدرێژییەکی گەورەیە و مانایەکی گەورەی هەیە؛ بۆیە هەر شەو پەیوەندیم بە دەزگەیەکانی ئاسایش و پۆلیس و 104 کرد و هاتن بۆ ئێرە؛ دەبێت وردبینی و بەدواداچوونێکی تەواو بکەن، چونکە دەستدرێژیکردن بەو شێوەیە، دەستڕێژ لەنێو ماڵ و منداڵ، لە پاسەوان، لە من، جێگەی قبووڵکردن نییە، بەڵام چاوەڕێی بەدواداچوونی ئاسایش و پۆلیس و بڕیاری دادگەین، چاوەڕێی ئەوەین بگەنە ئەنجامێک."
حاجی مەسیفی دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی کامێراکانی چاودێریم بەدەستنەگەیشتووە؛ دادوەر بڕیاریداوە سەیری کامێراکان بکرێت."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەدات کە سکاڵای تۆمارکردووە و دەڵێت، "کێشەی کەسیم لەگەڵ کەس نەبووە و دژی کەسیش نەبووم؛ ناحەقیشم بەرامبەر کەس نەکردووە؛ ئەوەی کردوومە لەپێناو حیزبەکەم کردوومە."
سەبارەت بە رەوشی ئەو پاسەوانەی بریندار بوو، حاجی مەسیفی گوتی، " رەوشی بریندارەکە باشە؛ پاسەوانەکان لە ژووەکەی خۆیان بوون بەرەو رووی تەقەکە چووبوون و یەکێک لە پاسەوانەکان گوللـەی بەرکەوتبوو و هەر شەو نەشتەرگەری بۆ کرا و دۆخی باشە."