لە رۆژانی جەژن خۆڵ و خاشاک لە بەشێكی بازاڕی سلێمانی کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
زبڵ و خاشاکێکی زۆر لەنێو بازاڕی سلێمانی کۆبووەتەوە، کۆمپانیاکانی پاککردنەوە تاوەکو ئێستا پارەیان لە حکومەتەوە وەرنەگرتووە.
بەختیار جەلال، سەرپەرشتیارى پاککردنەوەى ناوشارى سلێمانى دەڵێت، "کێشەى ئەو هەموو خۆڵە ئەوەیە کە گەشتیارەکان لە ناو خۆڵ و خاشاکەکەدا ئۆتۆمبێل رادەگرن و دەبێت تاوەکو بەیانى لەسەریان بوەستین ئەمڕۆ هۆتێل بە هۆتێل گەڕاوین تاوەکو گەشتیارەکانمان دۆزیوەتەوە و پێمان لابردوون".
رۆژێک پێش جەژنی قوربان بانکى هەرێم لە سلێمانى بەڵێنى بە کۆمپانیاکانى پاککردنەوە داوە، دواى جەژن هەندێک پارەیان بۆ خەرج بکەن، ئەو بەڵێنە کارکردنى کۆمپانیاکانى بەردەوامى پێدا.
عەزیز ئەلیاسى، ژینگەپارێزێکە و دەڵێت، "رۆژانە 10 تاوەکو 12 کاژێر ئیش دەکەین، بەخوا بۆ ئەم جەژنە پارەم قەرز کردووە، من بەو تەمەنەوە ناچار نەبم ئەو ئیشە ناکەم".
بە گوتەی کۆمپانیاکان، حکومەت نزیکەى 6 ملیار دینار قەرزارى کرێى پاککردنەوەى سلێمانى و دەوروبەریەتى، دوایین جار کۆمپانیاکان کە چەکەکانیا بۆ کرا بە پارە، مانگى 10ى ساڵى رابردوو بوو.
محەممەد ئەحمەد، ژینگەپارێزێکە و دەڵێت، "ئەم جەژنە هەر لە ماڵەوە بووم یەک دینارم پێنەبووە، 350 هەزار وەردەگرم 65 هەزاری بۆ کرێ پاس و نانخواردن دەڕوا."