یەکێتیی جووتیاران: گرفتی ساخنەبوونەوەی خەیار کاتییە و دوای جەژن چارەسەر دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی یەکێتیی گشتیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساخنەبوونەوەی بەرهەمی خەیار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەوەش کاتییە و دوای جەژن چارەسەر دەبێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 11-07-2022 هەڵکەوت محەممەد، ئەندامی نووسینگەی جێبەجێکردنی یەکێتیی گشتیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی زیادبوونی بەرهەم و کەمیی خواستەوە، نرخی خەیار دابەزیوە. بەڵام ئەمە کاتییە و بەهۆی جەژنی قوربانەوە هەناردەکردن بۆ پارێزگاکانی عێراق وەستاوە، چاوەڕواندەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە.
 
هەرچەندە تائێستا هیچ ئامارێکی فەرمی نییە کە دەریبخات بەرهەمی خەیار لە هەرێمی کوردستان چەندە، بەڵام بە گوتەی هەڵکەوت محەممەد، خەیار سێیەمین بەرهەمە لە هەرێمی کوردستان لە دوای شوتی و تەماتە.
 
پێش جەژن، یەک کیلۆ خەیار بۆ جووتیار لە نێوان 350-500 دینار بوو و بەپێی جۆری خەیارەکە نرخەکە دەگۆڕا.
 
چەند رۆژێکە لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمی خەیار، جووتیاران ناڕەزاییان دەربڕی و بەشێکیان خەیارەکەیان فڕێدایە سەر شەقامەکان. 
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لە هەولێر گرفتی ساخنەبوونەوەی خەیار نەبووە و "وەکو هاوکارییەکیش بۆ برا جووتیارەکانی سلێمانی، بەشێکی زۆری خەیاری ئەو پارێزگایە لە عەلوەی هەولێر ساخکراونەتەوە".
 
هەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی جووتیارانی سنووری سلێمانی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "عێراق هاوردەکردنی تەماتە و خەیاری لە دەروازەکانییەوە قەدەخەکرد، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان."
 
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەم رۆژانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئیدی لەبری هاوردەکردنی تەماتە و خەیار لە وڵاتانی دەوروبەرەوە، ئەو بەرهەمانە لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، کاتێک عێراق بەروبوومی کشتوکاڵی لە وڵاتانی دەوروبەرەوە هاوردە دەکرد، لە دوو رووەوە گرفتی بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکرد. "یەکەم، بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ساخ نەدەبووەوە، ئەوە لە کاتێکدایە بەرهەمی پێویستمان هەیە و بەشی عێراقیش دەکات. دووەم، بەشێک لەو بەرهەمانەی عێراق هاوردەی دەکرد، دەهاتە هەرێمی کوردستان و ئەوەش گرفتی بۆ بەرهەمی خۆمان دروستدەکرد."
 
حوسێن حەمەکەریم گوتیشی: "ئێستا تەماتە، خەیار، کولەکە و باینجانیش زۆرە و بەشی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەکات."
 
سەبارەت بە رێکخستنی بەرهەمی نێوخۆ، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "ساڵانە رۆژنامەی کشتوکاڵیمان هەیە. لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆدا باج دەخرێتە سەر بەرهەمی هاوردە یان قەدەخە دەکرێن، بەڵام حکومەتی عێراق 100% پابەند نییە بە رۆژژمێری کشتوکاڵییەوە و لە دەروازە سنوورییەکانییەوە رێگە بە هاتنەناوەوەی بەرهەم دەدات کە ئەوەش وا دەکات بەرهەمی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی وڵات پارە نەکات و ساخ نەبێتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: "دەمانەوێت ئەو رۆژنامە کشتوکاڵییە لەگەڵ بەغدا یەکبخەین. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکمان پێکهێناوە کە چەند جارێک سەردانی بەغدای کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەبووە. ئەگەر بابەتەکە یەکلابکرێتەوە، ئەوکات کێشەکانمان چارەسەر دەبن و لەگەڵ عێراق بەرنامە دادەنێین بۆ دانانی باج و قەدەخەکردنی هاوردەکردنی بەروبووم."