رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بۆ ئاڵۆگۆڕی پۆستەکانی سەرۆکی دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆر بە کاروانێکی زۆری ئۆتۆمبێل گەیشتنە بارەگای دژەتیرۆر و بڕیارە پاش کەمێکی دیکە رێوڕەسمەکە دەستپێبکات.
ئاڵوگۆڕەکەش بەمشێوەیە دەبێت، وەهاب هەڵەبجەیی دەبێتە فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆر. هەر ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی لە دەباشان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی کرد و ئەژی ئەمینی وەک سەرۆکی نوێی دەزگای زانیاری ناساند.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پاش ئەوەی سەرۆكی نوێی دەزگای زانیاری ناساندووە، "داوای لە لایەنە ئەمنییەكان كرد كە ئەركی ئەوانە بەردەوام بن لە پاراستنی ئارامی و ئەو هەماهەنگییەی كە هەیە پتەوتر بێت و بەردەوامی پێبدەن."
وەک لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو لایەنە ئەمنییانە "نابێت بە هیچ شێوەیەك دەستوەردەنە كاروباری سیاسی، بەڵكو دەبێت دڵنیایی بە هاووڵاتیان بدەن لە سەقامگیریی ئارامی."
سەرچاوەیەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند بوو، کە بڕیاری دەستبەکاربوونی هەردوو سەرۆکی نوێی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر لە سلێمانی جێبەجێکراون و ئەمڕۆ دەستبەکاربوون.
هەر بەپێی سەرچاوەکەی رووداو، ئەو پۆستانەی لە سلێمانی گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئاسایشی گشتیی سلێمانی، ئاسایشی سلێمانی، فڕۆکەخانەی سلێمانی و دەروازە سنوورییەکانە.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی پۆستە ئەمنییەکان لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە دەستیپێکرد و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت. سەرەتا ئاڵوگۆڕی پۆستی دەزگای دژەتیرۆ و دەزگای زانیاریی کرا کە دوو پۆستی هەستیارن لە سلێمانی. هەروەها لیستێکی دیکەی گۆڕانکارییش بڕیاری لەسەر دراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ