گالەری

 

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بە سەرجەم بەشەکانییەوە دەستیپێکرد. زۆرترین قوتابی لە پارێزگای هەولێر و کەمترینیش لە پارێزگای هەڵەبجە بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن. تاقیکردنەوەکانیش لە رۆژی 5-8-2020 کۆتاییان دێت. 

بەهۆی جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان، چوونەژوورەوەی میدیاکان بۆ نێو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە قەدەخەکراوە. ئەم وێنانەی تۆڕی میدیایی رووداویش لە دەرەوەی هۆڵەکان گیراون. 

قوتابیان پێش چوونەژوورەوەیان دەستکێش و دەمامکیان پێدەدرا کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دابینکرابوو. لە هەر هۆڵێکی تاقیکردنەوە کارمەندێکی تەندروستی دانراوە بۆ چاودێریی دۆخی تەندروستیی قوتابیان تاوەکو لە هەر دۆخێکی نەخوازراودا فریایان بکەون. 

رێکان کەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بەشانەی کە تاقیکردنەوەیان تێدا دەکرێت 11 بەشن و بریتین لە: زانستی، وێژەیی، خوێندنی ئیسلامی، بازرگانی، پیشەیی، گەشتوگوزار، بەیتەری، نەخۆشیاری، مامانی، سریانی و تورکمانی.

144 هەزار و 142 قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەکەن، لەبارەی دابەشبوونیشیان بەسەر پارێزگاکاندا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، زۆرترین قوتابی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن کە 51 هەزار و 453 قوتابییە، دواتر پارێزگای دهۆک دێت بە 42 هەزار و 965 قوتابی، لە پارێزگای سلێمانی 40 هەزار و 405 قوتابی، لە ئیدارەی گەرمیان شەش هەزار و 953 قوتابی و کەمترین قوتابیش لە پارێزگای هەڵەبجە بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن کە ژمارەیان دوو هەزار و 366 قوتابییە. کۆی گشتی قوتابییە بەشداربووەکانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەکاتە 144 هەزار و 142 قوتابی.

تاقیکردنەوە گشتییەکانی 12ـی ئامادەیی رۆژی 5-8-2020 تەواودەبن، بەڵام تاقیکردنەوەکانی خوێندنی سریانی و تورکمانی سێ رۆژ دواتر تەواو دەبن، چونکە ئەوان تاقیکردنەوەی وانەیەکی زیاتریان هەیە کە تایبەتە بە زمانی خۆیان و لە رۆژی 8-8-2020 ئەنجامیدەدەن.

د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی سەردانی چەند هۆڵێکی تاقیکردنەوەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، تاقیکردنەوەکان بەباشی و بە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان بەڕێوەدەچن.