گەنجێک دوای وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان گیانی لەدەستدا

رووداو- هەولێر

گەنجێک کە خەڵکی گوندی دواوە سەر بە ناحیەی بێتواتە لە قەزای رانییە، دوای وەرگرتنەوەی ئەنجامەکانی گیانی لەدەستدا.


شۆڕش عەزیز نەجیب سەرپەرشتیاری یەکەم لە پەروەردەی رانییە هەواڵەکەی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) پشتڕاستکردەوەو راگەیاند:" ئەو گەنجە کە ناوی رێکار ئەبووبەکر قادرەو لە ئامادەیی شکارتە دەیخوێند، پێش تاقیکردنەوەکان نەخۆشی سییەکانی هەبووە و داوای لێکراوە کە مۆڵەت وەربگرێ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی و لە تاقیکردنەوەکاندا بەشداریی نەکات."

شۆڕش عەزیز بە ئاماژەدان بەوەی ئەو گەنجە بەردەوام بووە لە خوێندن و لە تاقیکردنەوەکانیشدا ئامادە بووە رایگەیاند:" سەرەڕای نەخۆشییەکەیشی نمرەیەکی باشی بەدەستهێناوە کە 588 بووە، بەڵام بەداخەوە دوای وەرگرتنی ئەنجامەکان، باری تەندروستی تێکچووە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".

ئێوارەی رۆژی هەینی 10-7-2015 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا وەزیری پەرەوەردە لە دیوانی وەزارەتی پەروەردە، ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی راگەیاند.