رووداو دیجیتاڵ
85%ـی کارەکانی سەرژمێریی ئەزموونی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەواوبوون و بڕیارە رۆژی هەینیی ئەم هەفتەیە کۆتایی بێت.
کارزان رەزا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندنان و سەرۆکی لێژنەی راگەیاندنی سەرژمێری، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی دوایین راپۆرتی تیمەکانمان، کە لە تابلێتەکاندا دەرچووە، 85٪ـی کارەکانی سەرژمێری ئەزموونی لە هەرێمی کوردستان تەواو بوون، ئێستا لە قۆناخی سێیەم و کۆتایین کە قۆناخی پڕکردنەوەی فۆرمەکان و سەرژمێریی خێزانەکانە."
قۆناخی یەکەم کە قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارەدانان بوو، لەگەڵ قۆناخی دووەم کە تۆمارکردنی تۆماری خێزانەکان بوو تەواو بووە. کارزان رەزا گوتی: "رۆژی هەینی 14ـی ئەم مانگە سەرژمێریی ئەزموونی کۆتایی پێدێت."
رۆژی 31ـی ئایاری 2024، تێستی سەرژمێری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، لە هەرێمی کوردستان لە زیاتر لە 15 پێگە و شوێن تێستەکە دەکرێت و 24 کاژێر بەردەوام دەبێت، دواتر زانیارییەکان رەوانەی سەنتەری زانیارییەکان دەکرێت.
تێستەکە لە هەرێمی کوردستان لەم ناوچانە دەکرێت:
- پارێزگای هەولێر:
- قەزای هەولێر - ناحیەی بەحرکە
- گوندی جەژنیکان
- پارێزگای سلێمانی:
- قەزای سلێمانی - بەکرەجۆ
- گوندەکانی قوڵقوڵە، کارێزکڵاو، داربەڕوو، پیرکە، هەزار مێرد، دێ کۆن و چاڵگە
- پارێزگای دهۆک:
- قەزای سیمێل
- گوندەکانی سەر کانی، هاوریزک، گرێ گەورێ و دوڵب.
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات کە یەکێکە لە دیارترین پێداویستییەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.
لە ساڵی 2009وە حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بەردەوام رێگر بووە لێی.
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ