گەشتەکانی فڕۆکەخانەی ئیلام هەڵوەشێنرانەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی ئیلام رایگەیاند، بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە، دوو گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەخانەی ئیلام هەڵوەشێنرانەوە. 
 
ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێکی با، باران و خوڵ پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، دۆخەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ی حوزەیرانی 2024، وەحید فروغی، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی ئیلام رایگەیاند، "بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی مەودای بینین، ئەمڕۆ دوو گەشتی ئاسمانیی نێوان ئیلام-تاران هەڵوەشێنرانەوە."
 
بەهۆی هەڵکردنی بایەکی تووند لە شاری ئیلام چەندین داری سەر شەقامەکانی شارەکە شکاون، هەروەها بۆ ماوەیەک کارەبای هەندێک گەڕەکی شارەکە پچڕا.
هەروەها هەڵکردنی بایەکی تووند و بارینی خۆڵ لەنێو شاری ئیلام، بووە هۆی سستبوونی هاتووچۆ لە شەقامەکاندا.