هێزێکی ئەمنیی کەرکووک دەستڕێژی گوللـە لە دوو گەنج دەکەن؛ یەکێکیان هەردوو چاوی لەدەستداوە

11-06-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
یەکێک لە دوو گەنجەکە کە چاوەکانی لەدەستداوە. وێنە: رووداو
یەکێک لە دوو گەنجەکە کە چاوەکانی لەدەستداوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

عەباس و محەممەد دوو گەنجی بە نەتەوە تورکمانن و برای یەکن، بە فیشەکی هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک بریندار بوون؛ یەکێکیان هەردوو چاوی لەدەستداوە و هێشتا بە تەواوی هۆشی نەهاتووەتەوە بەر خۆی.
 
لەرۆژی هەینی رابردوو دوای نیو کاژێر لەو هێرشەی کرایە سەر هێزێکی پۆلیسی فریاکەوتن، دەزگا ئەمنییەکان لە بۆسەیەکدا بوون، بە گومانی دەستگیرکردنی تۆمەتباری هێرشەکە تەقە لەو دوو گەنجە دەکەن؛ عەباس بە سەختی بریندار بووە و محەممەدیش دوو فیشەک بەر پێی کەوتوون، بۆ چارەسەری باشتر لە کەرکووکەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە هەولێر کراون.
 
محەممەد حەسەن، بریندار دەڵێت، "هەردووکمان پاسەوانین لە بەرەی تورکمانی. رۆیشتین بۆ نانی بەیانی لای نەخۆشخانەی کەرکووک، پۆلیسی فریاکەوتن دەستڕێژیان لێمان کرد، من دوو فیشەکم بەرکەوت و براکەم دوو فیشەک بەر سەری کەوت. زۆر زۆریان لێمان دا، دوای تەقەکان، پۆلیسێک بە چەقۆ لە پشتی براکەمی دا."
 
یەکێک لە فیشەکەکان بەر دەماری چاوی عەباس کەوتووە، بینایی لەدەستداوە و پزیشکەکان بڕوایان وایە بۆ گەڕاندنەوەی بینایی، چارەسەری لە عێراق نییە.
 
ئەمەل نوورەدین، دایکی بریندارەکان دەڵێت، "دەماری مێشکی دوو فیشەکی پێوەیە، فیشەکێک بەر سەری و فیشەکێکی دیکە لە چاوێکیەوە رۆیشتووە بۆ چاوەکەی دیکەی؛ ئەمە کوڕە گەورەکەم، کوڕە بچووکەکەشم دوو فیشەک بەر پێی کەوتوون."
 
باوکی عەباس و محەممەد گەڕاوەتەوە کەرکووک بۆئەوەی سکاڵا لەسەر بکەرانی ئەو رووداوە تۆمار بکات؛ دەیەوێت پەیامەکەی بگاتە وەزیری ناوخۆ و سەرۆکوەزیرانی عێراق. باوی دوو گەنجەکە هەواڵی ئەوەی پێدراوە لیژنەیەکی وەزارەتی ناوخۆ چوون لە رووداوەکە بکۆڵنەوە و چوار پۆلیس کە تەقەیان کردووە، دەستگیر کراون.
 
حەسەن زەکی، باوکی بریندارەکان دەڵێت، "وەزیری ناوخۆ تیمێکی ناردووە، لەسەر ئەم رووداوە لێکۆڵینەوە دەکەن، ئێمە دەمانەوێت مافی کوڕەکانمان وەربگرینەوە."
 
جگە لە عەباس کە تەمەنی 20 ساڵە و محەممەد کە تەمەنی 19 ساڵە، برایەکی دیکەیان هەیە؛ ئەوان لە ماڵەکەیاندا کە خانوویەکی خراپ و کۆنە، ئارەزووی بەخێوکردنی باڵندە دەکەن.
 
وەکو لە ڤیدیۆی چرکەساتی رووداوەکەی بەردەم نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک دەردەکەوێت، بەهۆی هێرشێکی چەکداریی سەر هێزێکی پۆلیس، دەزگا ئەمنییەکان تەواو شڵەژابوون.
 
دوای ئەوەش بڕیاری قەدەخەکردنی هاتووچۆی ماتۆڕسکیلیان راگەیاند و لە چەند شوێنێکی کەرکووک بە تووندی رووبەڕووی ئەوانە بوونەوە کە سەرپێچیی بڕیارەکەیان دەکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە